پەرلەمانتارێکی کورد: لە پەرلەمانی عێراق دەنگ لەسەر رێککەوتنی کورد و هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت دەدرێت
رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دەڵێت، جێبەجێکردنی رێککەوتنی شنگال یەکێک لەو خاڵە سەرەکییانەی رێککەوتنی کورد لەگەڵ چوارچێوەی هاوئاهەنگییە، کە "پارتی زۆری پێداگری لەسەر کردووە." دەشڵێت: "رێککەوتنی نێوان کورد و چوارچێوەی هاوئاهەنگی دوو لاپەڕەیە و یەکیان لای سەرۆک بارزانییە و بڕیارە رۆژی دەنگدان لەسەر کابینەی محەممەد شیاع سوودانی لە پەرلەمان بخوێندرێتەوە و دەنگی لەسەر بدرێت."
رۆژی دووشەممە 17-10-2022، ماجید شنگالی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان میوانی بوولتەنی نیڤرۆژی تۆڕی میدیایی رووداو بوو کە شەهیان تەحسین پێشکێشی دەکات و رایگەیاند: "یەکێک لەو خاڵە سەرەکییانەی پارتی لە رێککەوتنی هاوپەیمانیی بەرێوەبردنی دەوڵەت پێداگری لەسەر کرد پێویستیی جێبەجێکردنی رێککەوتنی شنگال بوو، سەرۆکوەزیرانیش لایەنی جێبەجێکارە لە عێراق و سەرۆککۆمار پارێزەری دەستوورە."
ماجید شنگالی گوتی: "گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان مافێکی دەستووری خەڵکە، بۆیە دەبێ پشتیوانی لە سەرۆککۆمار بکرێت بۆ ئەوەی گوشار بخاتە سەر حکومەتی عێراق تاوەکو بە زووترین کات ئەو رێککەوتنە جێبەجێ بکات."
ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق ئاشکرای کرد، ماددەی 140 و رێککەوتنی شنگال و بابەتەکانی بودجە و هەڵبژاردنی پارێزگاکان لەو خاڵانەن کە لە رێککەوتنەکەدا هاتوون، کە بە پێداگری پارتی و یەکێتی و لایەنە کوردستانییەکانی دیکە کراوە، بەڵام دەمێنێتەوە لایەنی شیعە و سوننە هاوکاربن بۆ جێبەجێکردنیان.
ماجید شنگالی لەبارەی گەرەنتی جێبەجێکردنی ئەو بەڵێنانەی بە کورد دراون، گوتی: "ئێمە ئەزموونمان لەگەڵ بەغدا هەیە هەر لە مالیکییەوە تاوەکو عادل عەبدولمەهدی و حەیدەر عەبادی تاوەکو مستەفا کازمی وایکردووە هەندێک بە گومانەوە بڕوانینە بەڵێنەکانیان، بەڵام ئێستا دۆخەکە جیاوازە و بۆ ئەوەی کورد یان سوننە لە حکومەت نەکشێنەوە، رەنگە هەندێک لە بەڵێنەکانیان جیدیتربن."
ئەو پەرلەمانتارە دەشڵێت: "سەرباری ئەوەش لە شەقام ئۆپۆزیسیۆن هەیە کە پێکهاتوون لە سەدرییەکان و تشرینییەکان و ئەو خەڵکەش کە بەشدارییان لە هەڵبژاردنەکان نەکردووە، ئەوانە هەموویان دژی حکومەتن و گەرەنتی ئێمەش بۆ جێبەجێکردنی بەڵێنەکانیان ئەو بابەتانەن."
ماجید شنگالی دەڵێت: "حکومەتی نوێی عێراق پێویستە رەفتاری لە بەرامبەر کوردستان باشتربێت، ئەگەر ئەمە نەکات تەمەنی زۆر نابێت، ئەمڕۆ لایەنی براوەی هەڵبژاردنەکان لە پرۆسەی سیاسی کشاوەتەوە، ئەگەر کوردیش پاڵپشتی حکومەت نەکەن چییان لێ دەمێنێتەوە؟ بۆیە پێویستە حکومەت ئەو بەڵێنانەی بە کوردیداوە جێبەجێی بکات."
سەبارەت بە رێککەوتنی کورد و چوارچێوەی هاوئاهەنگیش، ماجید شنگالی گوتی: "رێککەوتنی نێوان کورد و چوارچێوەی هاوئاهەنگی دوو لاپەڕەیە و یەکیان لای سەرۆک بارزانییە و ئەوەی دیکەش لای چوارچێوەی هاوئاهەنگییە. بڕیارە رۆژی دەنگدان لەسەر کابینەی محەممەد شیاع سوودانی بخوێندرێتەوە و لە پەرلەمان دەنگی لەسەر بدرێت، 275 پەرلەمانتاری لایەنە سیاسییەکان پشتیوانین و 50 پەرلەمانتاری ئۆپۆزیسیۆنیش هەن کە رەنگە بەشێکیان دژیبن."
لەبارەی پشکی کوردیش لە حکومەتی داهاتووی عێراق، ئەو پەرلەمانتارە گوتی: "ئەگەر بە ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانیش بێت لە پێدانی وەزارەتەکان غەدر لە کورد کراوە، کورد 63 پەرلەمانتاری هەیە، کە دەکاتە نزیکەی 19.2٪ی کۆی کورسییەکان و حکومەت 22 وەزارەتی هەیە، بۆیە پێویستە لانیکەم چوار وەزارەت بدرێتە کورد کە ئەوەندە نەدراوە، بەڵام سوننە 10 پەرلەمانتاریان لە کورد زیاترە و شەش وەزارەتیان پێدراوە."
ماجید شنگالی باسی لە پشکی پارتی و یەکێتی لە حکومەتی داهاتوو کرد و گوتی: "ئەوە دەگەڕێتەوە سەر رێککەوتنی سەرکردایەتی سیاسیی ئەو دوو حیزبە، ئەگەر بە ژمارەی کورسی بێت لە چوار وەزارەت دەبێ سێی بۆ پارتی بێت، بەڵام بڕیاری ئەمە لای سەرۆک بارزانییە و بەپێی رێککەوتنە لەگەڵ یەکێتی."
ماجید شنگالی پێشبینی دەکات کە لەوانەیە لە ماوەی دوو بۆ سێ هەفتەی دیکە حکومەتی نوێی عێراق پێکبێت، بەو مەرجەی "ناکۆکییەکی قووڵ" نەکەوێتە نێوان لایەنەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی.