تیمێکى ئەڵمانى پەیکەری دوو گاى باڵدار لە نەینەوا دەدۆزنەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

تیمێکى کنە و پشکنینى شوێنەواری ئەڵمانى، هۆڵێکى مێژوویی لە نەینەوا دەدۆزنەوە، کە دوو گاى باڵدار لە دەروازەكانیدان و مێژووەکەى دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمى دەسەڵاتى ئاشووریەکان.
 
دەستەى گشتیى شوێنەوار و کولتووریی عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرای کرد، تیمێکى کنە و پشکنینى شوێنەواری ئەڵمانى کە لە ناوچەى تەل نەبی یونس لە موسڵ کار دەکات، هۆڵێکى گەورەى مێژوویی دۆزیوەتەوە کە پەیکەرى دوو گاى باڵدار لە دەروازەکانیدان.
 
بەگوێرەى راگەیێندراوەکە، ئەو هۆڵە بە تەنیشت هۆڵى تەختى شاهانەى سەنحاریب پاشاى ئاشوورییەکانەوە بووە.
 
سەنحاریب یەکێکە لە پاشاکانى ئیمپراتۆری ئاشورییەکان، کە لەنێوان ساڵانى 704 بۆ 681ى پێش زایین لەسەر تەختى پاشایی ئاشوورييەکان بووە.
 
بەگوێرەى راگەیێندراوەکەى دەستەى گشتیى شوێنەوار و کولتوور، تیمە ئەڵمانییەکە لەناو ئەو هۆڵەدا چەند پارچە خشتێکى دۆزیونەتەوە کە نووسینى بزماریى لەسەرە، لەگەڵ چەند پارچە ئاسنێک کە بۆ جوانکاريى دەروازەى هۆڵەکە بەکارهێندراون.
 
تەل نەبی یونس کە بە تەل تەوبە ناسراوە، یەکێکە لە شوێنەوارە دێرینەکانى سنوورى نەینەوا، کە دەکەوێتە لای چەپى رووبارى دیجلە.
 
ئەو تیمە ئەڵمانییە لە چواچێوەى بەرنامەیەکى هاوبەشی نێوان عێراق و ئەڵمانیا لە شوێنەوارەکانى نەینەوا کار دەکەن بۆ پاراستن و دۆزینەوەى شوێنەوارەکان.