لیژنەی ئەمنیی هەڵبژاردن: ژمارەیەک هێرشکەری سەر بارەگا و بەربژێرەکان دەستگیرکراون
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی لیژنەی باڵای ئەمنیی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، ژمارەیەک فرۆشیاری کارتی دەنگدان و ئەوانەشی بەربژێر و هەڵمەتەکانی بانگەشەی حیزبەکانیان کردووەتە ئامانج دەستگیرکراون.
قەیس مەحمەداوی، سەرۆکی لیژنەی باڵای ئەمنیی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند: "هەندێک لە سەرپێچیکارانی پرۆسەی بانگەشە بە کەفالەت ئازاد دەکرێن، بەڵام هەندێکی دیکەیان تاوانی مەترسیدارن کە پەیوەستن بە کردنە ئامانجی بەربژێران یان هێرش بۆ سەر بارەگاکانیان، هاندان بۆ گوتاری رق و کینە کە زیان بە ئاشتیی کۆمەڵایەتی و سەلامەتیی پرۆسەی هەڵبژاردن دەگەیێنێت".
مەحمەداوی دەڵێ: "ئۆپەراسیۆنی پێشوەختە و هەواڵگریی وردمان بۆ پاراستنی ئاسایشی بەربژێر و خەڵک کردووە، لەگەڵ بەدواداچوون بۆ سەرجەم چالاکییەکانی بانگەشە، بەجۆرێک دووربن لە ترساندن و چەواشەکاری.''
بە گوتەی ئەو بەرپرسە "ژمارەیەک لە بانگەشەکارانی فرۆشتنی کارتەکانی هەڵبژاردن دەستگیر کراون، ئەو کەسانەش دەستگیر کراون دەستیان لە هێرشکردنە سەر بارەگا و بەربژێرەکان هەبووە".
هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق لە 11ى تشرینى دووەمى 2025 دەکرێت، زیاتر لە 7 هەزار بەربژێر رکابەریى دەکەن بۆ بەدەستهێنانى 329 کورسی پەرلەمان.