سەرلیستێکی دوورخراوە لە دادگەی فیدراڵیی عێراق سکاڵا دەکات؛'بمگەڕێننەوە لیستەکەم'
رووداو دیجیتاڵ
سەرلیستێکی پارێزگای سەڵاحەدین کە لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانەوە دوور خراوەتەوە، لە دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق سکاڵا لە دژی بڕیاری دوورخستنەوەی تۆمار دەکات و داوای کردووە بگەڕێنرێتەوە.
یەزن مەشعان جبووری، سەرلیستی پێشووی هاوپەیمانیی (سقورنا) لە پارێزگای سەڵاحەدین، سکاڵای تۆمار کردووە و تێیدا داوا لە دادگە دەکات بڕیارێکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە 8ـی ئەیلوولی 2025 دەری کردووە بە نادەستووری دابنێت، بەهۆیەوە لە سەرلیستی هاوپەیمانێتییەکە دوور خراوەتەوە، داوا دەکات کۆمیسیۆن پابەند بکرێت بە گەڕاندەوەی.
ئەو بەربژێرە لەسەر دۆسیەی (دزەکردنی تۆمارێکی دەنگییەوە) کە باسی بەرتیل وەرگرتن دەکات، دوورخرایەوە، مەشعان جبووری باوکی یەکێکە لە سیاسەتڤانە سوننەکان، داواکاری پێشکێش کرد بۆ ئەوەی جێگەی بگرێتەوە لە لیستەکە، بەڵام بە پاساوی ئەوەی وادەی گۆڕانکاری لە بەربژێران داخراوە، داواکارییەکەی وەرنەگیرا.
یەزن مەشعان جبووری بە بڕیاری دەستەی دادوەری هەڵبژاردن دوورخراوەتەوە، دوای ئەوە لە هەمان دەستە تانەی لە بڕیارەکە دا، تانەکەی رەتکرایەوە، ئێستا لیستی (سقوڕنا) لە سەڵاحەدین بە ریزبەندی ژمارە دووی بەربژێرانی دەستپێدەکات.
جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بڕیارەکانی دەستەی دادوەری هەڵبژاردن پابەندیییە بۆ هەموو لایەنێک و جێبەجێ دەکرێت"
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە 12ی 10ـی 2025 لە رێگەی بڕیارێکەوە گۆڕینی بەربژێرەکانی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق راگرت.
دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق رۆژی 27ی 10ـی 2025، دیاری کراوە وەکو یەکەم دانیشتنی تایبەت بە تاوتوێکردنی سکاڵاکەی یەزن مەشعان جبووری.
هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق لە 11ی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ دەکرێت. هەر پارێزگایەکی عێراق و هەرێمی کوردستان بازنەیەکی هەڵبژاردنە.