ئەنبار دەبێتە ناوچەی ململانێی گەرمی سوننەکان؛ 10 لیست رکابەری لەسەر 15 کورسی دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
ئەنبار گەورەترین پارێزگای سوننەنشین لە رووی رووبەرەوە کەوتووەتە نێو رکابەریەکی گەرموگوڕی لایەنە سوننەکان بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق، 254 بەربژێر رکابەری لەسەر 15 کورسی پارێزگاکە دەکەن، 10 حیزب و هاوپەیمانی لەنێو کێبڕکێی تووند دان، هەڵبژاردن و دەنگی خەڵک سەنگ و کاریگەریی لایەنە سوننەکان لەو پارێزگایە دیاری دەکات.
محەممەد حەلبووسی، موسەننا سامەڕائی و خەمیس خەنجەر وەکو دیارترین کارەکتەری نەگۆڕی دیمەنی رکابەری هەڵبژاردن لەنێو سوننەکان دەردەکەون؛ هەموویان خاوەنی پێگەی عەشایەری، سەرمایەی سیاسی و دەسەڵات و پێگەن لە عێراقدا، بەڵام بۆ بەدەستهێنانی زۆرترین کورسی تەنیا پشت بە ئەنبار نابەستن، بەڵکو بەغدا چەقی ململانێیانە.
پارتی تەقەدووم بە سەرۆکایەتیی محەممەد حەلبووسی ئەو هەڵبژاردنەی کردووەتە دەرفەت بۆ گەڕانەوە بۆ نێو پرۆسەی سیاسی لە دەرگەی پەرلەمانەوە، حیزبەکە پێی وایە 90٪ـی دەنگی ئەنبار بەدەستدەهێنێت، بەڵام عەزم کە موسەننا سامەرائی سەرۆکایەتی دەکات و لە پەرلەمان فراکسیۆنی هەیە دەڵێ :" بە تەنیا حیزبێک خزمەتی ئەنباری نەکردووە"
تەقەدووم: سوپرایزمان دەبێت
کەرامی عەبدولغەفوور، بەربژێری لیستی تەقەدووم لە ئەنبار رۆژی هەینی 17-10-2025 بە رووداوی راگەیاند: "هەموو لایەنەکان باش دەزانن ئێمە حیزبی یەکەمین و خەڵکیش دەزانن خزمەتکاری پارێزگاکە کێیە؟." بە بڕوای ئەو حیزبەکەی خزمەتی ئەنباری کردووە .
ئەو بەربژێرەی تەقەدووم دەڵێ:"تەقەدووم ئەمجارە سوپرایزی دەبێت بۆ رکابەرەکانی، چونکە ئەوەی ئەم حیزبە لەم ساڵانەی دواییدا بۆ ئاوەدانکردنەوەی ئەنبار کردوویەتی قەت پێشتر نەکراوە، ئەنبار لە دوای 2003 وێرانەیەک بوو ."
پارێزگای ئەنبار لە شەڕی داعشدا زیانی زۆری بەرکەوت، ماوەیەکیش لەدەستی گرووپە چەکدارەکە بوو، ماوەی چەند ساڵێکە حیزبە سوننەکان ئەنباریان کردووەتە شوێنی رکابەری بۆ چوونە پەرلەمان
کەرامی عەبدولغەفوور، بەربژێری تەقەدووم دڵنیایە لەزیادبوونی دەنگی حیزبەکەی و دەڵێ :"دەنگەکانی ئەنبار بە رێژەی 90٪ بۆ تەقەدووم دەبێت، ئێمە پێشبینی دەکەین لە کۆی 15 کورسییەکەی ئەنبار، بتوانین 13 کورسی بەدەستبهێنین، لە خراپترین دۆخدا 11 کورسیمان دەبێت."
هەریەکە لە محەممەد حەلبووسی، خەمیس خەنجەر و موسەننا سامەڕائی، زیاتر پشت بە پێگەیان لەناو هۆزەکانی پارێزگاکە دەبەستن، نەک بەرنامەی هەڵبژاردنیان.
ئەو شارانەی پارێزگاکە کە وەکو خاڵی یەکلایی کردنەوەی کێبڕکێکە دادەنرێن، ناوەندی شاری رومادی، فەللوجە، حەدیسە، قائیم و عامرییە
عەزم: لە ئەنبار چوار کورسی بەدەستدەهێنین
وەلید ئەحمەد، ئەندامی هاوپەیمانیی عەزم بە رووداوی راگەیاند:' "دەنگی عەزم بەراورد بە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان زیاتر دەبێت، لەهەڵبژاردنی رابردوودا توانیمان کورسییەک بەدەستبهێنین."
ئەو پێیوایە: "خەڵک کارەکانمان دەبینن و دەزانن ئەم پارێزگایە بە تەنیا یەک حیزب خزمەتی نەکردووە، بەڵکو هەوڵەکانی ئێمەش بەشێک بوون لەو خزمەتانە و توانیمان دەرگەی دامەزراندن بۆ گەنجانمان بکەینەوە."
عەزم پێشبینی دەکات چوار کورسی بەدەستبهێنن لە ئەنبار، بەڵام پێیوایە ئەگەر دۆخیان زۆر خراپ بێ دوو کورسی کەمتر نابێ.
تەقەدووم، عەزم و سیادە، هەوڵی بەدەستهێنانی زۆرینە لە پارێزگایەکەدا دەدەن، بەڵام بەشێکی دیکەی حیزب و هاوپەیمانییەکانی پارێزگاکە باوەڕیان وایە، ئیدی هەژموونی یەک حیزبی یان چەند حیزبێکی دیاریکراو لەو پارێزگایە کۆتایی هاتووە ، کێبڕکێی هەڵبژاردنی ئەمجارە فراوانتر و گەرموگوڕتر دەبێت.
هاوپەیمانیی (تەفەوق): بەشێکی حیزب بۆ ئەوە بەشدارن خزمەتی تەقەدووم بکەن
محەممەد حەموود، بەربژێری لیستی (تەفەوق) لە ئەنبار بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئێمە هاتووین بەرامبەر حیزبەکانی خاوەن دەسەڵات و پێگەی حکومی بوەستینەوە، رکابەرییان دەکەین، ئەوان هیچیان بۆ پارێزگاکە نەکردووە و داوای دەنگیش لە خەڵک دەکەن."
محەممەد حەموود دەڵێ: "هاوپەیمانیی قیمەم کە خالید بەتال، وەزیری پیشەسازی سەرۆکایەتی دەکات، هەوڵی گۆڕینی رکابەرییەکە بۆ ئاڵنگاری دەدات، هەندێک حیزبی بچووکی دیکەش هەن لەکۆتاییدا بە گوێرەی یاسای سانتلیگۆ، خزمەت بە تەقەدووم دەکەن و بەشداریکردنیان هەر بۆ ئەو مەبەستەیە."
ئەو بەربژێرەی تەفەوق پێشبینی دەکات، دوو کورسی بەدەستبهێنن و دەڵێت، "هەوڵ بۆ کورسی سێیەمیش دەدەین."
هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق لە 11ى تشرینى دووەمى 2025 دەکرێت، نزیکەی 8 هەزار بەربژێر رکابەریى دەکەن بۆ بەدەستهێنانى 329 کورسی پەرلەمان.
تەقەدووم، عەزم، سیادە، تەفەوق، حەسم، عومران، ئینتیشاری وەتەنی، ئەنبار هەوییەتونا، قیمەم و قیادە بە 250 بەربژێرەوە رکابەری لەسەر 15 کورسی ئەنبار دەکەن.