لەنێو ململانێکانی دانانی سەرۆکوەزیرانی عێراق؛ نیازی سوودانی و خواستی لایەنەکان


رووداو دیجیتاڵ

هەرچەندە لایەنە سەرکەوتووەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق چاوەڕێی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردن و پەسندکردنی لەلایەن دادگەی فیدراڵیی عێراق دەکەن، بەڵام دوای ئەو ئەنجامانەش چاوەڕێی مشتومڕ و گفتوگۆی دوور و درێژ دەکرێت بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت.
 
مشتومڕەکە زیاتر لەنێو ماڵی شیعە دەرکەوتووە، چونکە سوودانی بەنیازی خولی دووەمی سەرۆکایەتیی حکومەتە و نەیار و رکابەرەکانیشی بۆ بۆچوونی دیکەیان هەیە.
 
هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان کە سوودانی سەرۆکایەتی دەکات، یەکەم بوو لە هەڵبژاردن، بەڵام گرووپی چەکدار و نوێنەرانیشیان کورسییان زیادکردووە، بە زیاتر لە 50 کورسییەوە خۆیان بە "ژمارەیەکی قورس"ـی گفتوگۆکانی پێکهێنانی حکومەت دادەنێن، بۆیە چاوەڕێ دەکرێت گفتوگۆکان درێژە بکێشێت بۆ یەکلاییکردنەوەی ئەوەی کێ سەرکردایەتیی عێراق دەکات لە قۆناخی داهاتوودا.
 
ئامانجی سوودانی چییە؟ 
 
محەممەد شیاع سوودانی بە دروشمێک ئامانجیەتی سەرۆکایەتیی حکومەت وەربگرێتەوە، ئەو خۆی وا دادەنێت دەتوانێ عێراق سەربەخۆ بکات و لەژێرباری ئەمریکا و ئێران نەبێ. ئەو دوو وڵاتەی 20 ساڵ زیاترە شەڕی هەژموون لە عێراق دەکەن، بەڵام لە بەرامبەردا نوێنەرانی سیاسی گرووپی چەکدار کە چوار گرووپی سەرەکی وەکو (سادیقون، بەدر، خەدەمات و حقوق) دەگرێتەوە، پێکەوە 56 کورسیی پەرلەمانیان هەیە.
 
قایمکردنی شوێنپێی ئەو گرووپانە لە پەرلەمان واتە قسە و رکابەرییان بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران، ئەوان لە زۆر خاڵدا لەگەڵ سوودانی هاوهەڵوێست نین، بەتایبەت لە قۆناخی پێش هەڵبژاردندا، چونکە ئەمریکا داوای چەکداماڵینی ئەو گرووپانەی لە سوودانی کردووە و سوودانیش وەکو خۆی دەڵێ: "خراونەتە بەردەم دوو بژاردە، یان بچنە نێو دامەزراوە ئەمنییەکانەوە، یان بچنە نێو کاری سیاسییەوە''.
 
جیاوازیی هەڵوێستی ئەوان (سوودانی و سەرکردەی گرووپەکان) لەبارەی ئەرکی عێراق لە قۆناخی داهاتوو و رۆڵیان لە عێراق وا دەکات لە زۆر وێستگەدا هەڵوێستەکانیان بەریەکدی بکەوێت، ئەمەش واتای دانوستاندنی دوور و درێژ و چەند مانگە بۆ حکومەتی نوێی عێراق.
 
خاڵی سەرەکی و ئامانجی سوودانی ئەوەیە، ناوەندی دۆخەکە بگرێت و بەغدا نەکاتە قوربانیی پەیوەندیی هیچ یەکێک لەو دوو وڵاتە ( ئێران و ئەمریکا). 
 
نەبوونی زۆرینەی پەرلەمانی بۆ هیچ پارتێک خاڵێکی دیکەی دیاری ئەگەری درێژەکێشانی گفتوگۆکانە لەنێوان لایەنەکاندا.
 
هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان لە 8 پارێزگای عێراق یەکەم بوو، لەنێویاندا بەغدا، بەڵام گرووپە چەکدارەکانیش لە چەند پارێزگایەکدا کورسییان بەدەستهێناوە و زیادیان کردووە، سەرەڕای ئەوەش وەکو بەها ئەعرەجی، بەربژێری سەرکەوتووی لیستەکەی سوودانی بۆ رووداو دەڵێت: "تاوەکو ئێستا بەهێزترین بەربژێر بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران هەر سوودانییە".
 
قۆناخی داهاتوو؛ هاوسەنگی و پەیوەندییەکان لەگەڵ تاران و واشنتن
 
خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق لەکاتێکدا دەستبەکاردەبێ، پێش بەڕێوەچوونی عێراق بە هەموو شێوەیەک هەوڵی دا نەخزێتە نێو ململانێکانی ئێران و ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، هەروەها دۆخی غەززە و لوبنانیش، حکومەتی داهاتووی عێراقیش ئەرکی سەرەکیی بەڕێوەبردنی پەیوەندییەکی ئاڵۆزە لەگەڵ تاران و واشنتن، حکومەتەکە شایەتی گوشارەکانی ترەمپە لەسەر ئێران و کەمکردنەوەی رۆڵ و هەژموونی لە ناوچەکەدا لەنێویاندا پشتیوانی و یارمەتی گرووپە چەکدارەکان لە عێراق.
 
پرسێکی دیکەش داهاتووی سەرباز و راوێژکارانی سوپای ئەمریکایە لە عێراق، هاوشێوەی هێزی وڵاتانی دیکە، رێککەوتن هەیە کە هێزی شەڕکەر تاوەکو 2026 لە عێراق نەمێنن، بەڵام هێزەکانی ئەمریکا لە چوارچێوەی ئەرکی راوێژکاریدا لە عێراق دەمێننەوە بۆ پێدانی هاوکاری لۆجستی و هەواڵگری، هەروەها ناردنی پشتیوانی بۆ هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا، بەرپرسانی ئەمریکا لە کاتی واژۆکردنی رێککەوتنەکە لە ساڵی رابردوو وایان گوت.
 
هەروەها مارک ساڤایا، نێردەی ئەمریکا بۆ کاروباری عێراق لە پەیامی وڵاتەکەی دوای هەڵبژاردن رایگەیاند: "ئەمریکا پابەندە بە پشتیوانی لە سەروەریی عێراق و هەوڵەکانی چاکسازی و کۆتاییهێنان بە دەستوەردانی دەرەکی و میلیشیا چەکدارەکان.''
 
سوودانی تەمەنی 10 ساڵ بوو باوکی لەلایەن بەعسەوە بەتۆمەتی ئەندامبوون لە "پارتێکی قەدەخەکراو" لە سێدارە دراوە، یەکێک بوو لەوانەی پشتیوانیی رووخانی سەدام دەکات، ئەمڕۆ پیاوە تەمەن 55 ساڵەکە بەدوای ئەوەدا دەگەڕێت عێراق لەنێو هەژموونی وڵاتان دەربێنێت، هەرچەندە هەندێک ئامانجەکەی بە ئەستەم دەبینن لەو دۆخەی عێراقدا، بەڵام خۆی سوورە لەسەر ئامانجەکەی.
 
سوودانی لە سێ ساڵی سەرۆکایەتیی حکومەتەکەی لە ئاستی دەرەوەدا گەیشتە رێککەوتن لەسەر ئەرکی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، هەروەها دوورخستنەوەی عێراق لە ململانێ و جەنگی 12 رۆژەی ئێران و ئیسرائیل، جگە لە هەندێک کاری لەنێوخۆدا بۆ دامەزراندن و کردنەوەی پڕۆژە.
 
ئەو لە دیمانەیەکدا لەگەڵ میدیای ئەمریکی رایگەیاند: "ئێستا ئاسایش، سەقامگیری، پێکەوەژیانی کۆمەڵایەتی هەیە لە عێراق.'' 
پرسیارە سەرەکییەکە ئەوەیە ئایا ئێران کە شەڕی 12 رۆژە لەگەڵ ئیسرائیل تاڕادەیەک ماندووی کرد، ئامادەیە وا بە ئاسانی دەستبەرداری هەژموونی بێت لە عێراق؟ ئەمریکاش ئەوەندە سەرقاڵی ئۆکراینا و غەززە و ڤەنزوێلایە، عێراق و هەژموونەکەی لەبیر دەکات؟ 
 
لە وەڵامی پەیوەندییەکاندا سوودانی ئێران بە "وڵاتێکی دراوسێ و خاوەن پەیوەندیی باش" ناودەبات، بۆ ئەمریکاش داوای پەیوەندییەکی نائاسایشی لە ئەمریکا دەکات، پەیوەندییەک زیاتر بازرگانی و ئابووری بێ لەپێناو بەرژەوەندیی عێراق و ئەمریکا.
 
ئەو دەڵێت: "پەرۆشین بۆ پەیوەندییەک لەسەر بنەمای رێزگرتنی هاوبەش، رێزی سەروەری عێراق و بەرژەوەندی هاوبەش.'' ئەو قسانەی سوودانی لە گفتوگۆیەکدا بوو لەگەڵ رۆژنامەی وۆڵ سترین جۆرناڵ.
 
لەگەڵ ئەوەشدا گەیشتنی سوودانی بەو ئامانجە ئەوەندە ئاسان نییە، چونکە واشنتن نزیکترین هاوبەشی سەربازی عێراق و گەورەترین دابینکەری چەک و کەرەستەی سەربازیشە، ئەمریکا هەژموونی خۆی هەیە لە عێراق، چەندین گرووپی لە عێراق خستووەتە لیستی تیرۆر و سزای داون، بەڵام ئێرانیش بێ هەژموون نییە.
 
تامر بەلداوی، لێکۆڵینڤان لە ناوەندی RUSIی بەریتانی بۆ توێژینەوە ستراتیجیەکان دەڵێت: "لەبەرئەوەی گرووپە چەکدارەکان هێشتا دەسەڵات و هەژموونیان هەیە، هیچ حکومەتێک لە عێراق ناتوانێ بە تەواوی خۆی لە ئێران بەدوور بگرێت.'' 
 
مانگی رابردوو مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە پەیوەندییەکدا لەگەڵ سوودانی داوای چەکدانانی گرووپەکانی کرد، سوودانیش رایگەیاند: "دەزگەی ئەمنین و فەرمان جێبەجێ دەکەن، رۆڵیان نییە لە هەڵوێستە سیاسییەکان.'' 
 
ئەو گرووپانە زۆربەیان لە شەڕی 12 رۆژەی نێوان ئیسرائیل و ئەمریکا بێ دەنگ مانەوە، سوودانی ئەوە بە هەوڵەکانی خۆی دادەنێ و دەڵێ: "عێراقمان لە راکێشان بەرەو جەنگ پاراست.''
 
بەڵام حەیدەر شاکری، لێکۆڵینڤان لە چاتەم هاوس دەڵێت: "ئەو گرووپانە هێشتا هەژموونی سیاسی و ئابوورییان هەیە، هێشتا دەوڵەت لە عێراق توانای تەواوی نییە بە تەواوی لە چەک دایانماڵێت.''
 
لەگەڵ ئەو هەموو مشتومڕەدا، عێراق خۆی بۆ دانانی سەرۆکوەزیران ئامادە دەکات، پرۆسەکە ئەگەر وا هەژمار بکرێت لەنێو چوارچێوەی هاوئاهەنگی و سوننە کورد دەبێ، دەیان پارت لەنێو ئەو پرۆسەیە دەبن، زۆر لە گفتوگۆکانیش بە ئاشکرا ناکرێن لەسەر ئەوەی کێ ئەو پۆستە وەردەگرێت، پۆستەکە بەپێی 'عورفێکی 20 ساڵە' لە دەستی شیعەدایە، بەڵام بەردەوام رۆڵ و داوای ئەمریکا و ئێرانیشی تێدابووە.
 
هەر یەکێک لەوانەی نیازیان هەبێ لەگەڵ سوودانی ناوی دیکە بێننە نێو رکابەرییەکە، دەبێ هەوڵی گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمان بدەن، لەوێشەوە هاوپەیمان و بەشدار و دوورخراوە لە حکومەتی نوێ دەردەکەون، بەڵام ئەوەی روونە حکومەتی عێراق هاوپەیمانی دەبێ کۆمەڵێک لایەن هاوشێوەی حکومەتەکانی دیکە بەشێک لە کێکی دەسەڵات وەردەگرن.