چوارچێوەی هاوئاهەنگی لیژنەی بۆ کاندیدى سەرۆکوەزیرانی داهاتوو پێکهێنا
رووداو دیجیتاڵ
هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعەکان، پێکهێنانی گەورەترین فراکسیۆنى پەرلەمانی بە بەشداریی سەرجەم پێکهێنەرانی راگەیاند و دوو لیژنەی پێکهێنا، یەکێکیان بۆ ئەنجامدانی چاوپێکەوتنە لەگەڵ کاندیدانی پۆستی سەرۆکوەزیرانی داهاتوو.
17ی تشرینی دووەمی 2025، هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە نووسینگەی حەیدەر عەبادی، سەرۆکی هاوپەیمانیی نەسر لە بەغدا کۆبووەوە.
هاوپەیمانییەکە لە راگەیێنراوێکدا، پێکهێنانی گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانی راگەیاند، کە بە بەشداریی سەرجەم پێکهێنەرانی ئەو هاوپەیمانێتییەیە، هەروەها بڕیاریدا دەست بە رێکارەکان بکات بۆ دیاریکرنى کاندیدی پۆستی سەرۆکوەزیرانی داهاتووی عێراق.
کۆبوونەوەکە بە بەشداریی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی حکومەتی کاربەڕێکەر و سەرۆکى هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان بوو، بەراورد بە لایەنە شیعەکانی دیکە زۆرترین کورسی پەرلەمانى لە هەڵبژاردنەکەى 11ى تشرینى دووەم بەدەستهێناوە.
چوارچێوەی هاوئاهەنگی بڕیاری دا دوو لیژنەی سەرکردایەتی پێکبهێنێت؛ یەکێکیان بۆ ئەنجامدانی چاوپێکەوتن لەگەڵ کاندیدانی پۆستی سەرۆکوەزیرانی داهاتوو، ئەوی دیکەیان تایبەتە بە شایستە نیشتمانییەکانی قۆناخی داهاتوو، هەروەها تێڕوانینی یەکلاکەرەوە بۆ خواستەکانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت.
بە تێکڕا لیستە شیعەکان 179 کورسییان لە کۆی 329 کورسییەکەى پەرلەمانى عێراق بەدەستهێناوە.
بەگوێرەی راگەیێنراوەکە، لەو کۆبوونەوەیەدا تاوتوێی ئەو پێوەرانە کراوە، کە پشتی پێ دەبەستن بۆ دیاریکردنی سەرۆکوەزیرانی داهاتوو، لەگەڵ سرووشتى کارنامەى حکومی کە بگونجێت لەگەڵ ئاڵنگارییە سیاسی و ئابووری و خزمەتگوزارییەکان، کە رووبەڕووی عێراق دەبنەوە.