چوارچێوەى هاوئاهەنگى کۆدەبێتەوە؛ هەوڵ هەیە بۆ بەشداریکردنى سوودانى
رووداو دیجیتاڵ
بە گوتەى چەند سەرکردەیەکى هاوپەیمانىی چوارچێوەى هاوئاهەنگى، ئەو هاوپەیمانێتییە لە ماڵى حەیدەر عەبادى کۆدەبێتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا یەکلانەبووەتەوە کە محەممەد شیاع سوودانى بەشدارى دەکات یان نا. گوتەبێژى هاوپەیمانىی نەسر دەڵێت: "گفتوگۆ هەیە بۆ بەشداریکردنى سوودانى لەو کۆبوونەوەیەدا."
ئەوە دووەم کۆبوونەوەى هاوپەیمانىی چوارچێوەى هاوئاهەنگى شیعەکان دەبێت لە دواى ئەنجامدانى هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق لە 11ـى تشرینى دووەم.
17ـى تشرینى دووەمى 2023، ئەحمەد وەندى، بەڕێوەبەرى بەشى پەیوەندییەکانى دەرەوە لە هاوپەیمانىی نەسر بە رووداوى گوت: "ئەمشەو کۆبوونەوەى چوارچێوەى هاوئاهەنگى لە نووسینگەى حەیدەر عەبادى، سەرۆکى هاوپەیمانێتییەکە لە بەغدا ئەنجام دەدرێت."
کۆبوونەوەکانى هەفتانەى هاوپەیمانىی چوارچێوەى هاوئاهەنگى شەوانى دووشەممە و چوارشەممە دەکرێت.
رەحیم عەبوودى، ئەندامى دەستەى گشتىیی رەوتى حیکمە بە رووداوى گوت: "ئەگەر پێشهاتێک هەبێت بۆ یەکلاییکردنەوەى، کۆبوونەوەى چوارچێوەى هاوئاهەنگى لەو دوو رۆژەدا دەکرێت."
لەنێو هێزە شیعەکاندا، هاوپەیمانى ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان بە سەرۆکایەتیى محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق، زۆرترین کورسیى بەراورد بە هێزە شیعەکان بەدەستهێنا، کە 46 کورسیى پەرلەمان بوو.
هێشتا دیار نییە سوودانى بەشدارى ئەو کۆبوونەوەیە دەکات یان نا، هەرچەندە پێشتر لە ساڵى 2022 بەربژێریان بوو بۆ پۆستى سەرۆکوەزیران.
بەها ئەعرەجى، سەرکردە لە هاوپەیمانى ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان بە رووداوى گوت: "کۆبوونەوەکەى چوارچێوەى هاوئاهەنگى ئەمشەو دەکرێت"، بەڵام لەسەر ئامادەبوونى سوودانى، سەرکردەى هاوپەیمانێتییەکە هیچ زانیارییەکى نەدرکاند.
محەممەد سامەرایی، ئەندام لە هاوپەیمانی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان کە میوانى بووڵتەنى کاژێر 16ى رووداو بوو گوتى :" سوودانى بەشێکە لە چوارچێوەى هاوئاهەنگى و بە ویستى خوا بەشدارى کۆبوونەوەکان دەکات".
بە تێکڕا لیستە شیعەکان 179 کورسییان لە کۆى 329 کورسییەکەى پەرلەمانى عێراق بەدەستهێناوە.
سەلام زوبەیدى، گوتەبێژى هاوپەیمانى نەسر بە رووداوى رایگەیاند: "گفتوگۆ هەیە بۆ ئەوەى محەممەد شیاع سوودانى بەشدارى لە کۆبوونەوەکەى چوارچێوەى هاوئاهەنگى بکات، 60% دەتوانم بڵێم بەشدارى دەکات." ئەوە لە کاتێکدایە، باس لەوە دەکرێت، سوودانی ئەمشەو دەگاتە دهۆک، بۆ بەشداری لە کۆڕبەندی مێپس.
دوودڵیى سوودانى لە بەشداریکردن یان نەکردن لە کۆبوونەوەى چوارچێوەى هاوئاهەنگى، پەیوەندیدارە بە ئایندەى کورسیى سەرۆکوەزیرانەوە، کە خۆى بە شایستە دەزانێت.
عەلى غانمى، سەرکردە لە بزووتنەوەى سادیقوون، کە باڵى سیاسیى عەسائیبى ئەهلى حەقە بە رووداوى گوت: "داوەتنامە ئاڕاستەى سوودانى دەکرێت بۆ بەشداریکردن لەو کۆبوونەوەیەدا، بەڵام ئەو مەرج و تێبینیى هەیە لەبارەى پرسى سەرۆکوەزیران، کە دەیەوێت خۆى بەربژێر بکرێتەوە، بەڵام ئەو پرسە لەناو چوارچێوەى هاوپەیمانى یەکلانەکراوەتەوە و لیستەکانى دیکەش مامەڵە لەگەڵ چوارچێوەى هاوئاهەنگى دەکەن، لەبابەتی پەیوەندیدار بە کورسیى سەرۆکوەزیرانەوە."