دژەتیرۆری عێراق: چوار داعشمان لە کەرکووک دەستگیرکردووە

رووداو دیجیتاڵ 

دەزگای دژەتیرۆری عێراق دەستگیرکردنی 6 ''تیرۆریست''ـی لە پارێزگاکانی بەغدا، کەرکووک و نەینەوا راگەیاند و دەڵێ، بە هاوئاهەنگی هێزەکانی هەرێمی کوردستان ئۆپەراسیۆنی کێوماڵکردنیان لە سنووری دوبز لە پارێزگای کەرکووک ئەنجام داوە.
 
دەزگای دژەتیرۆری عێراق، رۆژی چوارشەممە، 17-12-2025، لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، هێزەکانیان زنجیرەیەک ئۆپەراسیۆنی جیاجیایان لەسەر بنەمای زانیاریی وردی هەواڵگری کردووە.
 
بە گوێرەی راگەیێندراوەکە، هێزەکانی دژەتیرۆر بە هاوبەشی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی عێراق 4 داعشیان لە کەرکووک دەستگیرکردووە، کە لەنێو پاشماوەکانی رێکخراوی داعش وەک ''گوێزەرەوە و دابینکەر'' کاریان کردووە.
 
هەروەها لە دوو ئۆپەراسیۆنی دیکەی جیادا، 2 داعشی دیکە دەستگیرکراون کە یەکێکیان لە سنووری موسڵ و ئەوی دیکەیان لە بەغدا بووە.
 
دەزگای دژەتیرۆری عێراق ئاماژەی بەوە کردووە کە ''بە هاوئاهەنگی بەڕێوەبەرایەتیی ئۆپەراسیۆنەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان و هێزەکانی کۆماندۆی سلێمانی، زنجیرەیەک ئۆپەراسیۆنی کێوماڵکردنی بەرفراوان لە قەزای دوبز لە پارێزگای کەرکووک کراون.''
 
هەروەها لە زنجیرەچیای حەمرین لە پارێزگای سەڵاحەدین، ئۆپەراسیۆنێکی دیکە کراوە و تێیدا ''6 مۆڵگە و ئەشکەوتی پاشماوەکانی داعش خاپوور کراون.''