کۆچ و کۆچبەرانی عێراق: 17 هەزار خێزانی ئاوارە لە 21 کەمپی هەرێمی کوردستاندا ماون
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق رایگەیاند، لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هاوئاهەنگیی بەردەوامدان بۆ داخستنی کەمپی ئاوارەکان و گوتیشی: "هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی ئەو قەیرانە هاوکارمانە."
کەریم نووری، بریکاری وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی میدیایی رووداو ئاشکرای کرد، گفتوگۆ و هاوئاهەنگییەکانیان لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان بەردەوامە بە مەبەستی داخستنی دۆسیەی کەمپەکان.
سەبارەت بە دیاریکردنی وادەیەک بۆ داخستنی تەواوەتیی کەمپەکان، کەریم نووری گوتی: "ناتوانین بڵێین ساڵی داهاتوو ئەو دۆسیەیە یەکلایی دەبێتەوە، بەڵام هیوادارین کۆتایی بێت."
بەگوێرەی ئەو ئامارانەی بریکاری وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران بۆ رووداوی خستەڕوو، تاوەکو ئێستا 21 کەمپی ئاوارە لە هەرێمی کوردستان ماون، کە بەمشێوەیە دابەش بوون:
- 16 کەمپ لە سنووری پارێزگای دهۆک
- 5 کەمپ لە سنووری پارێزگای هەولێر
کەریم نووری ئاماژەی بەوەش کرد، لەو کەمپانەدا نزیکەی 17 هەزار خێزانی ئاوارە دەژین و "زۆربەی هەرەزۆریان خەڵکی شنگالن."