عێراق ناوی زیاتر لە 3 ملیۆن کەسی لە بەشەخۆراک سڕییەوە
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بازرگانیی عێراق، زیاتر لە 3 ملیۆن ناوی لە سیستمی بەشەخۆراکی مانگانە سڕیوەتەوە، ئەمەش دوای گۆڕینی سیستمی کارتی خۆراک لە کاخەزەوە بۆ ئەلیکترۆنی. گوتەبێژی وەزارەتەکەش دەڵێت، ئامانج لێی رێگریکردنە لە دەستکاری و گەیشتنی بەشەخۆراکە بە شایستەکان.
محەممەد حەنوون، گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عێراق، رۆژی چوارشەممە، 17ی کانوونی یەکەمی2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "پێشتر ژمارەی ئەو کەسانەی ناویان لە بەشەخۆراکی مانگانەی عێراق هەبوو 42 ملیۆن هاووڵاتی بوو، ئێستا ژمارەکە بووەتە 38 ملیۆن و 93 هەزار بە هەرێمی کوردستانیشەوە."
گۆڕینی سیستمی کارتی خۆراک بۆ ئەلیکترۆنی لە چوارچێوەی هەوڵەکانی حکومەتی عێراقە بۆ نەهێشتنی "ناوە وەهمییەکان، ناوی مردووان و ئەو کەسانەی لە دەرەوەی عێراقن."
بە گوتەی محەممەد حەنوون، وەزارەتی بازرگانی لەڕێگەی ئەپڵیکەیشنێکەوە کارتی خۆراکی لە سیستمی کاخەزەوە بۆ سیستمێکی ئەلیکترۆنیی گشتگیر گۆڕیوە، کە رێگە بە هاووڵاتییان دەدات زانیارییەکانیان نوێ بکەنەوە و خۆیان بەڕێوەی ببەن.
وەزارەتی بازرگانیی عێراق، ماوەی نوێکردنەوەی زانیارییەکانی لەڕێگەی کارتی ئەلیکترۆنییەوە بۆ هاووڵاتییان لە هەموو پارێزگاکان درێژکردووەتەوە و دەرفەتەکە بەشێوەیەکی خولی بەردەوام دەبێت.
گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عێراق، جەختی لەوە کردەوە کە نوێکردنەوەی ئەلیکترۆنیی بنکەی زانیارییەکان رێگەی داوە مامەڵە لەگەڵ ملیۆنان تۆماردا بکرێت و وردییەکەی باشتر بکرێت، ئەمەش "دەستکاریکردن سنووردار دەکات و پشتگیری لە دادپەروەری لە دابەشکردندا دەکات."
خزمەتگوزارییەکانی وەک سڕینەوە، زیادکردن، گواستنەوە و هەڵوەشاندنەوە، هەموویان لەڕێگەی پلاتفۆرمی ئەلیکترۆنییەوە بەردەست دەبن، بەبێ ئەوەی پێویست بە سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکان و وەزارەت بکات.
محەممەد حەنوون ئاماژەی بەوەشکرد، کار لەسەر یەکخستنی ئەلیکترۆنیی زانیارییەکان دەکەن لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ بەدەستهێنانی زانیاریی دروست لەبارەی مووچە و داهاتەوە، بۆ ئەوەی بتوانن مافەکان لە کەسانی "ناشایستە" بسەننەوە.
پسوولەی ئێستای خۆراک دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1996، بۆیە حکومەتی عێراق بڕیاری داوە بیگۆڕێت. گۆڕانکارییەکە لە رێگەی ئەپلیکەیشنێکەوەیە کە بۆ 41 ملیۆن و 500 هەزار هاووڵاتی تۆمارکراو دانراوە.
قۆناخی یەکەم، کە پڕکردنەوەی فۆڕمی ئەلیکترۆنیی خۆراک بوو، رۆژی 2ـی حوزەیرانی 2025 دەستیپێکرد.