وەزارەتی ناوخۆی عێراق: تاوانە تیرۆریستییەکان 88% و ناکۆکییە عەشایەرییەکان 92% کەمیان کردووە

رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی ناوخۆی عێراق، رۆژی چوارشەممە رایگەیاند، لە سێ ساڵی رابردوودا رێژەی تاوانە تیرۆریستییەکان 88% و شەڕ و ناکۆکییە عەشایەرییەکان 92% کەمیان کردووە.
 
عەمید میقداد میری، بەرێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی ناوخۆ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانی دا کە پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو ئامادەی بوو رایگەیاند، "تاوانەکانی وەک کوشتن و دەستدرێژیی سێکسی لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا 14% کەمی کردووە." هەروەها گوتی، وەزارەت هەفتانە نزیکەی 10 هەزار خێزان لە چوارچێوەی پڕۆژەی تۆمارکردنی چەک دا تۆمار دەکات.
 
بە گوتەی عەمید میقداد میری، رێژەی جێبەجێکردنی فەرمانی دەستگیرکردن بۆ 86% و تەواوکردنی دۆسیەی لێکۆڵینەوەکان بۆ 78% بەرزبووەتەوە، هاوکات 16 سەنتەری چارەسەریی ناچاری بۆ ئالوودەبووان تەواوکراون.
 
گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆ ئاماژەی بەوەش کرد، "پڕۆژەی بەئەلیکترۆنیکردنی بنکەکانی پۆلیس گەیشتووەتە 93% و پڕۆژەی بەستنەوەی ئەلیکترۆنیی هۆتێلەکان بە دەزگا ئەمنییەکانەوە تەواو بووە."
 
لەبارەی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و تاوانە ئەلیکترۆنییەکان، میری گوتی، "بەرێوەبەرایەتیی تاوانە ئەلیکترۆنی و هەواڵگرییە ئەلیکترۆنییەکان کراوەتەوە و دەیان ئۆپەراسیۆنیان ئەنجامداوە، ژمارەیەکی زۆر لە ئەنجامدەرانی تاوانی گێچەڵ و بازرگانیکردن بە مرۆڤ دەستگیرکراون. هەروەها دەستبەسەر زیاتر لە دوو ملیۆن بەڵگەنامەی گرووپی داعشدا گیراوە و 222 تیرۆریست کوژراون."
 
هاوکات سیستمێکی هەواڵگری بۆ بەدواداچوونی تاوانەکانی دزینی شوێنەوار دروستکراوە و فرۆکەی بێفرۆکەوان بۆ هەموو یەکە هەواڵگرییەکانی وەزارەت دابینکراون.
 
سەبارەت بە مادە هۆشبەرەکان، عەمید میقداد میری رایگەیاند، لە سێ ساڵی رابردوودا دەستبەسەرداگرتنی مادە هۆشبەرەکان بە رێژەی 366% زیادیکردووە. گوتیشی: "21 هەزار فەرمانی دەستگیرکردن دژی بازرگانانی مادە هۆشبەرەکان دەرچووە و 21,181 کەس سزادراون، هاوکات سزای دارایی بە بڕی زیاتر لە 71 ملیار دینار سەپێندراوە."
 
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی ناوخۆ، 1,231 تۆڕی بازرگانیکردن بە مادە هۆشبەرەکان هەڵوەشێندراونەتەوە کە 171یان نێودەوڵەتی بوون، هەروەها 286 سزای لەسێدارەدان بۆ بازرگانان دەرچووە و 7 ئۆپەراسیۆن لە دەرەوەی سنوورەکانی عێراق ئەنجامدراون.
 
هەروەها 1300 زانیاری لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ سەبارەت بە بازرگانانی مادە هۆشبەرەکان ئاڵوگۆڕ کراون و 11 یاداشتنامەی لێکگەیشتنی ئەمنی لە بواری ماددە هۆشبەرەکان لەگەڵ وڵاتان واژۆ کراون. 
 
عەمید میقداد میری جەختی لەوە کردەوە، "بە هیچ شێوەیەک پیشەسازیی مادە هۆشبەرەکان لە عێراقدا نییە؛ تەنیا سێ کارگە هەبوون بۆ دروستکردنی کەپتاگۆن و کریستاڵ کە ئاشکرا کران و داخران."