سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دادی عێراق: ئەو زیندانییەی هەوڵی راکردنی دا تیرۆریستە

رووداو دیجیتاڵ
 
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە، 17 -2025، دەنگی تەقەیەکی زۆر لە گۆڕەپانی تەحریری شاری بەغدا بیسترا و بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداو لە بەغدا رایگەیاند، رووداوەکە هەوڵی هەڵاتنی زیندانییەک بوو لە دەستی هێزە ئەمنییەکان.
 
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دادی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداو گوت، "تیرۆریست بووە، سزای لە سێدارەدانی بۆ دەرچووە و هەوڵیداوە رابکات".
 
هەڵکەوت عەزیز، بەڕێوەبەری نووسینگەی تۆڕی میدیایی رووداو لە بەغدا کە ئەوکات لە شوێنی رووداوەکە بوو، رایگەیاند، هێزێکی زۆری ئەمنی لە ناوچەکە بڵاوەی پێکرا و ژمارەیەک کارمەندی ئەمنی کەسێکیان بەسەر زەویدا رادەکێشا کە "خوێنی لێدەچۆڕا". 
 
بە گوتەی هەڵکەوت عەزیز، رووداوەکە لەکاتی گواستنەوەی ژمارەیەک زیندانی بە دوو پاسی جۆری کۆستەر بووە و یەکێک لە زیندانییەکان لەکاتی گواستنەوەیدا هەوڵی داوە لە دەستی هێزە ئەمنییەکان رابکات.
 
بەگوتەی هەڵکەوت عەزیز، هێزە ئەمنییەکان دەستبەجێ زیندانییەکەیان دەستگیرکردووەتەوە و لەکاتی راکێشانی خوێنی لێدەهات، دواتر گەڕاندوویانەتەوە نێو پاسی گواستنەوەی زیندانییەکان و هێزە ئەمنییەکان تەقەیەکی زۆریان بە ئاسماندا کردووە بۆ کردنەوەی رێگەی بەردەمیان و رۆیشتوون.
 
لەو بارەوە، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دادی عێراق، لەبەر هەستیاری بابەتەکە نەیویست ناوی بهێنرێت ئەمڕۆ چوارشەممە 17-12-2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەو کەسە تیرۆریست بووە و لە دادگە سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچووە، لە کاتی گەڕانەوەی لە دادگە هەوڵی هەڵاتنی داوە و بە دووریی نزیکەی 500 مەتر لە شوێنی هەڵاتنەکەی دەستگیرکراوەتەوە".
 
ئەو سەرچاوەیە، رەتیکردەوە هیچ گولـلەیەک بەر ئەو زیندانییە کەوتبێت و رایگەیاند، "لە کاتی هەڵاتنیدا خۆی فڕێداوە و جەستەی بریندار بووە و خوێنی لێهاتووە، هێزەکانی فەرمانگەی چاکسازیش هەوڵیانداوە بەزووترین کات دەستگیری بکەنەوە و بیگەڕێننەوە نێو ئۆتۆمبێلەکە، چونکە کەسێکی مەترسیدار بووە".