جێگرەوەى محەممەد حەلبووسی دیاریکرا
رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنى کۆمیسیارانى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق جێگرەوەى محەممەد حەلبووسی وەک پەرلەمانتار دیاریکرد کە لە لیستى تەقەدوومە.
بەگوێرەى بڕیارێکى ئەنجوومەنى کۆمیسیارانى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق کە ئەمڕۆ پێنجشەممە 18ى کانوونى دووەمى 2024 دەریکردووە، جێگرەوەى محەممەد حەلبووسی، سەرۆکى پێشووى پەرلەمان وەک پەرلەمانتار دیاریکراوە.
بەگوێرەى بڕیارەکە، بورهان ناسر محەممەد فەهد نەمراوى لە لیستى تەقدووم دەبێتە پەرلەمانتار و جێگەى محەممەد حەلبووسی دەگرێتەوە.
بورهان نەمراوى لە هەڵبژاردنى ساڵى 2021ى پەرلەمانى عێراقدا شەش هەزار و 716 دەنگى لە سنوورى پارێزگاى ئەنبار بەدەستهێنا کە بەگوێرەى بڕیارەکەی ئەنجوومەنى کۆمیسیاران وەک خاوەنى زۆرترین دەنگ لە نێو بەربژێرە سەرنەکەوتووەکانى ئەو بازنەى هەڵبژاردنە دیاریکراوە کە حەلبووسی تیایدا بەربژێر بوو و سەرکەوت.
رۆژی 14ـی تشرینى دووەمی 2023، دادگەى باڵاى فیدراڵیی عێراق لەسەر سکاڵایەکى لەیس دلێمى، ئەندامێتیى محەممەد حەلبووسی لە پەرلەمانى عێراق هەڵوەشاندەوە.