ئەو ژنەی کچێکى نۆ ساڵانى لە بابل کوشت، سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا


رووداو دیجیتاڵ 

دادگەیەکى بابل سزاى لەسێدارەدانى بۆ ئەو ژنە دەرکرد کە کچێکى نۆ ساڵانى لەو پارێزگایە رفاند و لەدواى کوشتنى پارچە پارچەى کرد و جەستەى سووتاند.
 
رۆژی 18ـی کانوونى دووەمى 2024 دادگەى تاوانەکانى بابل ئەو ژنەی بە لەسێدارەدان سزا دا.
 
ئەو کچە ناوى ریتاج بوو و لە ئەیلوولى 2023دا لەلایەن ئەو ژنەوە لە ناحیەى ئەسکەندەریەى باکوورى پارێزگای بابل رفێندرا و دواى ماوەیەک بە کوژراوى دۆزرایەوە کە جەستەیشی پارچە پارچە ببوو و سووتێندرابوو.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری، ئەو ژنە لە کاتى لێکۆڵینەوەدا دانى بەوەدا ناوە کە کچەکەی کوشتووە، پارچە پارچەى کردووە و سووتاندویەتى تاوەکو تاوانەکەى بشارێتەوە. 
 
ئەو ژنەى سزادراوە دراوسێى ماڵى ریتاج بووە، بەگوێرەى مادەى 406ـی یاسای سزادانى عێراقى سزاى لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندراوە کە تایبەتە بە کوشتى بەمەبەست.