فوئاد حوسێن لە تاران: بەهۆی ئاڵنگارییەکانەوە دەبێت پەلە لە پێکهێنانی حکومەت بکرێت
رووداو دیجیتاڵ
جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق لە تارانەوە رایگەیاند، پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و تاران رەهەندی مێژوویی و کۆمەڵایەتیی قووڵیان هەیە و دەڵێت، "بەهۆی ئاڵنگارییەکانی ناوچەکە، پێویستە پەلە لە پێکهێنانی حکومەتی عێراق بکرێت". هاوکات وەزیری دەرەوەی ئێرانیش، رادەستکردنەوەی بنکەی عەین ئەسەد بە هێزە عێراقییەکان بە "نیشانەی بەهێزبوونی سەروەریی عێراق" ناودەبات.
ئەمڕۆ یەکشەممە 18-01-2026 فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق، بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە تاران و لەگەڵ عەباس عێراقچی، هاوتا ئێرانییەکەی کۆبووەوە.
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیی هاوبەشدا، فوئاد حوسێن رایگەیاند، "سەردانمان بۆ ئێرانی دراوسێ لە چوارچێوەی ئەو پەیوەندییە بەهێزەدایە کە هەردوو وڵات کۆدەکاتەوە؛ ئەم پەیوەندییە تەنیا لەنێوان دوو حکومەتدا نییە، بەڵکو پەیوەندییەکی جوگرافی، مێژوویی، کۆمەڵایەتی، کولتووری و ئابووریی فرەچەشنە."
وەزیری دەرەوەی عێراق ئاماژەی بەوەش کرد، لەگەڵ بەرپرسانی ئێران تاوتوێی پەرەپێدانی پەیوەندییە بازرگانی و ئابوورییەکانیان کردووە و گوتی، "سوپاسی جەنابی وەزیر دەکەم کە بە وردی دۆخی ناوخۆی ئێرانی بۆ روونکردینەوە."
سەبارەت بە دۆخی ناوخۆی عێراق، فوئاد حوسێن جەختی لەوە کردەوە، بەهۆی ئاڵنگارییەکانی ناوچەکەوە، "پێویستە پەلە لە پێکهێنانی حکومەت بکرێت، بۆئەوەی بتوانرێت مامەڵە لەگەڵ دۆخەکەدا بکرێت."
لای خۆیەوە عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، باسی لە دۆخی ئەمنیی عێراق کرد، بەتایبەت دوای ئەوەی دوێنێ شەممە 17-01-2026، سوپای عێراق ئەرکی بەڕێوەبردنی بنکەی سەربازیی عەین ئەسەدی لە ئەنبار گرتە ئەستۆ.
عێراقچی ئەو گۆڕانکارییانەی بە ئەرێنی وەسف کرد و گوتی، "کۆتاییهاتنی ئەرکی یونامی (UNAMI) لە عێراق و چۆڵکردنی بنکەی عەین ئەسەد لە هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا و رادەستکردنی بە هێزە عێراقییەکان، نیشانەی بەهێزبوونی سەربەخۆیی و سەروەریی سیاسیی عێراقە، ئێمە زۆر بەوە دڵخۆشین."
وەزیری دەرەوەی ئێران دووپاتی کردەوە، وڵاتەکەی خوازیاری عێراقێکی سەقامگیر و بەهێزە، چونکە "عێراق توانای تەواوی هەیە بۆ پاراستنی ئاشتی و سەقامگیری لە تەواوی ناوچەکەدا."
بڕیارە لەو سەردانەیدا فوئاد حوسێن لەگەڵ ژمارەیەک بەرپرسی باڵای دیکەی ئێران کۆببێتەوە، لەوانەش مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران؛ محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمان و عەلی شەمخانی، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران.
سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی عێراق لە کاتێکدایە، رۆژی سێشەممە 6ی کانوونی دووەمی 2026، نامەیەکی لە عەباس عێراقچییەوە پێگەیشت کە تایبەت بوو بە پرسەکانی نێودەوڵەتیی و دۆخی ناوچەکە.