جەمال کۆچەر: ئێمە لەوڵاتێکداین بە کاخەز و تویت بەڕێوەدەچێت


رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیێنێت، عێراق وڵاتێکە بە تویت و کاخەزی بچووک بەڕێوەدەچێت، بۆیە هەموو شتێک چاوەڕوانکراوە، دەشڵێت، "سەدر نایەوێت نرخی دۆلار بەرزبکاتەوە."
 
د. جەمال کۆچەر، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، سەدر باسی دابەزاندنی نرخی دۆلاری نەکردووە، ئەو قسەکانی دابەشی سێ بەش کردووە، بەشێکی تایبەتە بە بانکی ناوەندی کە پەیوەندی بە گۆڕینەوەی پارە و گرانکردنییەوە هەیە. بەشێکیشی باسی بانکەکانە کە پێیوایە شوێنی سپیکردنەوەی پارەن و هەندێک لایەن لە پشت ئەوەوەن، ئەوەی دیکەش باسی کۆنترۆڵکردنی بازاڕ و نرخەکان دەکات.
 
ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە، 17ـی شوباتی 2022، موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر راگەیێندراوێکی شەش خاڵیی لەبارەی بەهای دۆلارەوە بڵاوکردەوە و داوایکرد وەزیری دارایی و پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق بانگهێشتی پەرلەمان بکرێن، هەروەها داوا دەکات بە تووندی مامەڵە لەگەڵ هەندێک لەو بانکانە بکرێت کە سەر بە حیزبە دەسەڵاتدارەکانن.
 
د. جەمال کۆچەر باسی لەوە کرد، "ئێمە لە وڵاتێکین بە تویت و کاخەزی بچووک بەڕێوەدەچێت، هەموو شتێک چاوەڕوانکراوە، لەوانەیە بەیانی سەدر گوشار لە وەزیری دارایی بکات و ناچاری بکات بە هەندێک شت، بەڵام بەڕای من ئەوە ناکات، چونکە کابینەی نوێ ئەو بەڕێوەی دەبات، باری خۆی قورس ناکات."
 
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو لە پەرلەمانی عێراق گوتیشی، "بەهای دۆلار بانکی ناوەندیی گۆڕیویەتی نەک پەرلەمانی عێراق، ئەوە کاری پەرلەمان نییە دەستکاری نرخی دۆلار بکات، ئەوە هەڵەیە خەڵک وابزانن پەرلەمان دەتوانێت دەستکاری نرخی دۆلار و دینار بکات."
 
راگەیێندراوەکەی موقتەدا سەدر دوای ئەوە دێت، حکومەتی عێراق بۆ رێگەگرتن لەو قەیرانە داراییەی تووشی ببوو لە کۆتاییەکانی ساڵی 2020 بڕیاری دابەزاندنی بەهای دیناری عێراقی بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی دا و لەو کاتەوە دیناری عێراقی زیاتر لە 20%ی نرخەکەی لەدەستداوە.
 
بەگوتەی د. جەمال کۆچەر، سەدر ئێستا لەسەر سێ تەوەر کار دەکات، یەکەم: میلیشیاکان، دووەم: حکومەتی زۆرینەی نیشتمانی بۆ ئەوەی دەسەڵاتی لایەنەکانی دیکە نەهێڵێت و هیچ پۆستیان نەبێت، سێیەمیش هێزی ئابووریی لایەنەکانی دیکە لاواز دەکات، دەشڵێت، "ئەمە سیاسەتی سەدرە بۆ ئایندە."