ئەنجوومەنى پارێزگاى ئەنبار 'ئاگرى داواى بە هەرێم بوون' لە خۆى دوور دەخاتەوە

رووداو دیجیتاڵ 

ئەنجوومەنى پارێگاى ئەنبار خۆیان بەری دەکەن لە داواى پێکهێنانى هەرێمێک بۆ سوننەکان لەو پارێزگایە و بە داواى کەسانى دیکەى دەزانن، دواى ئەوەى سەرۆکى ئەنجوومەنى باڵاى دادوەریى عێراق هۆشدارى لە بارەیەوە دا و گوتى: "جگە لە هەرێمى کوردستان، رێگە بەپێکهێنانى هەرێمى دیکە نادەن."
 
لە کۆبوونەوەى نێوان فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق و محەممەد کەربوولی، پارێزگاری ئەنبار و عومەر مەشعان دبوس، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای ئەو شارە کە ئەمڕۆ یەکشەممە ئەنجامدرا، تاوتوێى پرسی داواى پکھێنانى هەرێم-یان کردووە.
 
ئەنجوومەنى باڵاى دادوەرى لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەى بەوەداوە کە فایەق زێدان جەختى کردووەتەوە کە "هەرێمی کوردستان دۆخێکی تایبەتی هەیە و ئەو دۆخە تایبەتەش لەلایەن هەموو خەڵکی عێراقەوە دانی پێدانراوە،" بەڵام بیرۆکەی دروستکردنی هەرێمی دیکە لە ناوچەکانی دیکەی عێراق رەتکراوەیە، چونکە "هەڕەشە لە یەکێتی و ئاسایشی عێراق دەکات".
 
18ى شوباتى 2024، سەعد غازى محەممەدى، ئەندامى ئەنجوومەنى پارێزگاى ئەنبار بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: چەند دەنگێکى "نەشاز" هەن کە داواى دروستکردنى هەرێمى سوننەکان دەکەن و هەر هەنگاوێکى لەو جۆرە پێویستە بە رێکارە یاساییەکاندا بڕوات کە ئەنجوومەنى پارێزگایە.
 
سەعد غازی محەممەدى گوتیشى: "کەسانێک هەن دەیانەوێت لە رێگەى وروژاندنى ئەو پرسەوە سەقامگیریی ئەنبار تێکبدەن و بیگەڕێننەوە بۆ خاڵی سەرەتا."   
 
گەرمبوونى مشتومڕەکان لەبارەى پێکھێنانى هەرێمى سوننە لە ئەنبار لە دواى ئەوە هات، کە لە 12ى شوبات عەبدولرەحمان دلێمى، یەکێک لە کەسایەتییەکى هۆزى دلێم لە ئەنبار رایگەیاند، کۆبوونەوەیەکى "نهێنى" کراوە بۆ هەنگاونان بۆ پێکهێنانى هەرێمێک کە گوایە چەند کەسایەتییەکى ناسراوى شارەکە تێیدا بەشدار بوون.
 
18ى شوباتى 2024، خەلیل یوسف، راگەیێندکارى یاوەرى سەرۆکى ئەنجوومەنى پارێزگاى ئەنبار بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "ئەوەى لەبارەى پێکھێنانى هەرێمێکى سوننەکانەوە باس دەکرێت، پەیوەندیی بە ئەنجوومەنى پارێزگا و حکومەتى خۆجێیی ئەو پارێزگایەوە نییە و چەند لایەن و کەسایەتییەک لە دەرەوەى ئەو ئەنجوومەنە داواى لەو جۆرەیان هەبووە."
 
خەلیل یوسف گوتیشى: "وەک ئەنبار پەیوەستین بە پاراستنى یەک پارچەیی خاکى عێراق و سەقامگیرییەکەیەوە."
 
پارێزگاى ئەنبار گەورەترین پارێزگاى سوننە نشینە لە رووى رووبەرەوە، سنوورى لەگەڵ پارێزگاکانى نەینەوا، سەڵاحەدین، بەغدا، بابل، کەربەلا و نەجەف هەیە.    
  
بەپێی مادەی 119ی دەستوور، هەر پارێزگایەك یان زیاتر دەتوانێت هەرێمێك لەرێگەى گشتپرسی پێکبهێنێت کە دەبێت یەك لەسەر سێی ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگایەک یان یەك لەسەر دەی دەنگدەرانی هەر پارێزگایەك داوا پێشكێش بكەن بۆ پێکهێنانی هەرێم.