هاوەڵزاوایەکى هادى عامرى بە دەستڕێژی گولـلە لە بەغدا کوژرا


رووداو دیجیتاڵ

لە باکوورى بەغدا، هاوەڵزاوایەکى هادى عامرى، ئەمیندارى گشتیى رێکخراوى بەدر کوژرا. بە گوتەى سەرچاوەیەکى بەرپرسی ئەو رێکخراوە، ئەو کەسە بەهۆى کێشەى خێڵەکییەوە کوژراوە.
 
رۆژی یەکشەممە، 18ـى شوباتی 2024، سەبرى عامرى، هاوەڵزاواى هادى عامرى، ئەمیندارى گشتیى رێکخراوى بەدر لە ناوچەى راشدییەى باکوورى بەغدا لەلایەن چەند چەکدارێکەوە لە ناو ئۆتۆمبێلەکەى خۆیدا لەگەڵ کەسێکى دیکەدا کوژران.
 
سەرچاوەیەکى بەرپرس لە رێکخراوى بەدر کە لەبەر هەستیاریى دۆخەکە نەیویست ناوى بڵاوبکرێتەوە، بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "سەبرى عامرى، بەرپرسیارێتیى باڵاى لە رێکخراوى بەدر نەبووە و ئەندامێکى ئاسایی بووە."
 
ئەو سەرچاوەیە گوتیشى "سەبرى عامرى پەیوەندیى لەگەڵ هادى عامرى هەبووە و هاوەڵزاواشی بووە، بەڵام کوشتنەکەى پەیوەندى بە ناکۆکیى سیاسییەوە نەبووە، بەڵکو بەهۆى ناکۆکیى خێڵەکییەوە بووە و بکوژەکانیش ناسراون".
 
هادى عامرى یەکێکە لە سەرکردەکانى هاوپەیمانیى چوارچێوەى هاوئاهەنگى، جگە لەوە سەرۆکى هاوپەیمانیى نەبنی-یە، کە بۆ هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان بەشداریکرد و زۆرینەى لایەنەکانى نێو حەشدی شەعبی پێکهێنەرى ئەو هاوپەیمانێتییەن.