تا ئێستا گوندە کوردییەکانی عیازییە قەرەبوو نەکراوەتەوە
رووداو دیجیتاڵ
گوندە کوردییەکانی ناحیەی عیازییە لە پارێزگای نەینەوا، کە لە کاتی شەڕی داعشدا وێران بوون، تاوەکو ئێستا دانیشتووانەکانیان قەرەبوو نەکراونەتەوە.
نەشئەت سادق، بەڕێوەبەری ناحیەی عیازییە، رۆژی یەکشەممە 18ی شوباتی 2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەهۆی شەڕو پێکدادانەکانی داعش و کۆنترۆڵکردنەوەی ناوچەکە، 70٪ی ناحیەکە وێران بووە، دوای کۆنترۆڵکردنەوەشی حکومەتی عێراق هیچ بڕە پارەیەکی لە بودجەدا بۆ دووبارە ئاوەدانکردنەوەی تەرخان نەکردووە، بەڵکو پشکەکەی وەک تەواوی ناحیەکانی دیکە لەسەر بنەمای دانیشتووانی پەرەپێدانی هەرێمەکان دیاریکراوە.
ناحیەی عیازییە، سەر بە قەزای تەلەعفەرە، 11 کلیۆمەتر لە تەلەعفەر و 65 کم لە رۆژئاوای شاری موسڵ ناوەندی پارێزگای نەینەوا دوورە. ژمارەی دانیشتووانەکەی زیاتر لە 68 هەزار کەسە و لە 51 گوند پێکهاتووە، 30 گوندی عەرەب و 9 گوندی کورد و ئەوەی دیکە تورکمانە، نیوەی دانیشتووانەکەی سوننە و نیوەکەی دیکە شیعەن.
گەرگەری، قەسر یسریج، حنکە، تەل مرک و فەقیرۆک لە گوندە کوردییەکانی ناحیەکەن، کە زیاتر رووبەرووی وێرانکاریی بوونەتەوە، بەتایبەتی ئەو گوندانە ئەوکات کەوتوونەتە خاڵی سنووری یەکلارەوەی نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و داعش.
بەڕێوەبەری ناحیەی عیازییە دەشڵێت، هەریەک لە گوندەکانی محەممەد، کفش یەکەم، کفش دووەم و کفشی سێیەم قەسر سیریج بەهۆی کردەوە سەربازییەکانەوە وێران بوون.
عیازییە، دوایین پێگەی داعش بووە لە پارێزگاری نەینەوا، لەکاتی کۆنترۆڵکردنەوەیدا داعش بەرگرییەکی سەختی تێدا کرد، بەهۆیەوە ژێرخان و زۆربەی خانووەکانی وێران بوون.