هەزار کورسیی زەمالە بۆ ماستەر و دکتۆرا؛ وردەکاریی دەرفەتە زێڕینەکەی عێراق بۆ دەرچووانی باشووری کوردستان
رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی عێراق لە رێگەی "لیژنەی باڵای پەرەپێدانی خوێندن"ەوە گەڕێکی نوێی زەمالەی خوێندنی بۆ دەرەوەی وڵات راگەیاندووە کە 1000 کورسی بۆ خوێندنی ماستەر و دکتۆرا لە ژمارەیەک لە زانکۆکانی جیهان لەخۆدەگرێ. ستەم کامیل، خوێندکاری دکتۆرا لە زانکۆی شاهانەی بەریتانیا دەڵێ، ئەمە "دەرفەتێکی مێژوویی و یەکسانە" بۆ گەنجانی باشووری کوردستان و عێراق تاوەکو لەسەر بنەمای لێهاتوویی، بگەنە ناوەندە زانستییە جیهانییەکان.
دەرفەتەکە کێ دەگرێتەوە؟
بەشێکی سەرەکی پرۆژەکە بۆ فەرمانبەرانی هەمیشەیی دامودەزگاکانی حکومەت و مامۆستایانی زانکۆ حکومییەکانە، بەڵام گۆڕانکارییە هەرە گرنگەکە ئەوەیە کە لەم ساڵدا 5٪ی کورسییەکانی ماستەر بۆ ئەو گەنجە دەرچووانە تەرخانکراوە کە تاوەکو ئێستا دانەمەزراون.
مەرجەکان
بۆ ئەوەی هاونیشتمانی و هاووڵاتی بتوانێت پێشکێشی بکات، پێویستە پابەندی ئەم مەرجانە بێت:
بۆ خوێندنی دکتۆرا: تەمەنی پێشکێشکار نابێت لە 40 ساڵ زیاتر بێت.
بۆ خوێندنی ماستەر: تەمەنی پێشکەشکار نابێت لە 33 ساڵ زیاتر بێت.
توانستی زمان: بەربژێر دەبێت نمرەی پێویستی لە تاقیکردنەوە نێودەوڵەتییەکانی وەک (IELTS, PTE, TOEFL) هەبێت.
بەبێ "واستە" و دەستوەردانی حیزبی
یەکێک لەو خاڵانەی کە ستەم کامیل وەک سوودمەندێکی پێشتری پڕۆژەکە جەختی لێکردەوە، شەفافیەتی پڕۆسەکەیە و گوتی، "سیستمەکە بە تەواوی ئەلیکترۆنییە و تەنیا نمرەی زانکۆ، ئاستی زمانی ئینگلیزی و لێهاتوویی کەسی لە چاوپێکەوتندا بڕیار لەسەر کاندیدەکان دەدەن."
ئەو هاونیشتمانییە ئاماژەی بەوە دا کە تاوەکو ئێستا زیاتر لە 200 هاونیشتمانی لە هەرێمی کوردستان بەبێ هیچ جیاکارییەک وەرگیراون و ئێستا لە وڵاتانی دەرەوە دەخوێنن.
شێوازی پێشکێشکردن چۆنە؟
پڕۆسەی پێشکەشکردن لە 15ی شوباتەوە دەستیپێکردووە و دەرگای وەرگرتن تاوەکو 31ی ئاداری 2026 بە کراوەیی دەمێنێتەوە. هەر بەربژێرێک کە لەلایەن لیژنەکەوە هەڵدەبژێردرێ، ماوەی 2 ساڵ کاتی دەبێت بۆ ئەوەی قبووڵکردن لە زانکۆیەکی باوەڕپێکراوی نێودەوڵەتی بەدەستبهێنێت.
خزمەتگوزاریی پۆرتاڵی ئور (UR)
حکومەتی عێراق بۆ ئاسانکاریی گەنجان، پلاتفۆرمی ئەلیکترۆنیی (https://hced.ur.gov.iq/apply) تەرخان کردووە. پێشکەشکاران دەتوانن لە رێگەی ئەم لینکەوە فۆرمەکە پڕبکەنەوە و سەرجەم بەڵگەنامەکانیان بە دیجیتاڵی بنێرن، بەبێ ئەوەی پێویست بکات سەردانی بەغدا بکەن.
ئەم بەرنامەیە راستەوخۆ لەژێر چاودێریی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراقدایە.