لە زیقار پاسەوانی باخێک، خاوەنی باخەکە، هاوژین و منداڵەکەی دەکوژێت

رووداو دیجیتاڵ

پاسەوانى باخێک لە پارێزگاى زیقار دەستگیرکرا کە خاوەنى باخەکە و ژن و منداڵێکی کوشتووە، دواتر بۆ شاردنەوەی تاوانەکە تەرمەکانیانی سووتاندوون.
 
چوارشەممە 18ى شوباتى 2026، فەرماندەیی پۆلیسی زیقار وردەکارى ئەو رووداوەى بڵاوکردەوە دوای ئەوەى تۆمەتبارى ئەو رووداوى کوشتنە دەستگیرکرا.
 
ئەو کەسەى دەستگیرکراوە پاسەوانى باخێک بووە لە زیقار، پیاوێکی پەنجا ساڵان، کە خاوەنى باخەکە و هاوژین و کوڕە 20 ساڵانەکەى خاوەن باخەکەی کوشتووە.
 
فەرماندەیی پۆلیسی زیقار رایگەیاندووە، لە کاتى لێکۆڵینەوە لەگەڵ تۆمەتبارەکە، دانى بەوەدا ناوە کە خاوەنى باخەکەى بە گوللەی کڵاشینکۆف کوشتووە، بەڵام ژن و منداڵەکەى بە کێبڵێکی کارەبایی خنکاندووە.
 
بکوژەکە تەرمى هەر سێ کوژراوەکەى خستووەتە نێو ئۆتۆمبێلەکەیانەوە و بەنزینى پێدا کردوون و سووتاندوونی بۆ ئەوەى تاوانەکە بشارێتەوە.
 
لە لێکۆڵینەوەکان دەرکەوتووە، بکوژەکە دواى کوشتنى ئەندامانى ئەو خێزانە، مەڕو ماڵات و بڕێک پارەى ئەو خێزانەى بردووە.