سەدر هۆشداری دەدات لە بەرزکردنەوەی نرخ لە مانگی رەمەزاندا
رووداو دیجیتاڵ
موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی نیشتمانیی شیعە، هۆشداری دا لە بەرزکردنەوەی نرخی پێداویستییەکان و قۆستنەوەی بازاڕ لە مانگی رەمەزانی پیرۆزدا.
سەدر لە هەژماری فەرمیی خۆی لە (ئێکس) رایگەیاند: "لە کاتێکدا بەرەو مانگی رەحمەت و میوانی خودا (مانگی رەمەزان) دەچین، نابێت ئەم مانگە پیرۆزە بۆ دەستکەوتی دنیایی و بە شێوازێکی دوور لە رەحمەت بەکاربهێندرێ."
هۆشداری لە گرانکردنی خواردن و ئاو و کارەبا
سەدر دەڵێ "نابێت یاری بە نرخ بکرێت و گران بکرێن، بەتایبەت ئەوەی پەیوەندی بە خواردن و خواردنەوە و پێویستییەکانی ژیانی رۆژانەوە هەیە وەک کارەبا و ئاو، چونکە ئەوە دەبێتە هۆی بێبەشکردنی هەژاران و کەم دەرامەتان کە قوتی رۆژانەیان نییە."
هەروەها ئاماژەی بەوە کرد: "بە تێگەیشتنی من، هەرکەسێک بە ستەم نرخ گران بکات، ئەوە دووژمنی رۆژوو و رۆژووگران و کارە چاکەکانە."
سەدر چەندین ئایەتی قورئانی پیرۆزی وەک بەڵگە هێناوەتەوە کە هانی مرۆڤ دەدەن بۆ بەخشین و دوورکەوتنەوە لە چاوبرسێتی و رەزیلی.
پەیام بۆ سەرمایەداران
رێبەری رەوتی نیشتمانیی شیعە داوا لە سەرمایەداران دەکات بایەخ بە کەسانی کەم دەرامەت و خاوەن پێداویستی تایبەت بدەن و هەر لەم بارەیەوە فەرموودەیەکی پێغەمبەری ئیسلام (د.خ) هێناوەتەوە کە دەفەرموێت: "خۆتان لە ئاگر بپارێزن تەنانەت بە بەخشینی لەتە خورمایەک یان بە قومێک ئاو."
لە کۆتاییدا دەڵێ، هاوکاریکردنی هەژاران "بازرگانییەکە کە هەرگیز تیاچوون و زیانی نییە"، وەک چۆن قورئانی پیرۆز ئاماژەی پێ کردووە.
لە هەرێمی کوردستان و لای سوننەکانی عێراق، 18ـی شوباتی 2026 یەکەم رۆژی مانگی رەمەزانە، شیعەکانیش نەیانکردووەتە رەمەزان، موقتەدا سەدر داوای لەخەڵک کردووە ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە هەر کەسێ مانگی بینی پەیوەندییان پێوەبکات.