سوودانی لەسەر ڤیدیۆکەی لەگەڵ جەواهیری بڕیاریدا لێکۆڵینەوەی بەپەلە بکرێ


رووداو دیجیتاڵ

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، ناڕەزایەتیی خۆی لە دروستکردنی ئەو دیمەنە ڤیدیۆیە دەربڕی کە تێیدا لەگەڵ محەممەد مەهدی جەواهیری، شاعیری کۆچکردووی عێراق دەردەکەوێ و فەرمانی دا لێکۆڵینەوەی بەپەلە لەو بارەیەوە بکرێت.
 
لە دیمەنەکەدا دەردەکەوێ جەواهیریی چا بۆ سوودانی دەبات. رۆژی چوارشەممە، 18ـی شوباتی 2026، نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، سوودانی "نێوەڕۆکی ئەو ڤیدیۆیە رەتدەکاتەوە کە تێیدا لەگەڵ شاعیری گەورە جەواهیری دەردەکەوێ. ڤیدیۆکە لەگەڵ ئەو رێز و پێزانینە ناگونجێت کە سەرۆکوەزیران بۆ پێگەی ئەدەبی و نیشتمانیی جەواهیری هەیەتی."
 
سەرۆکوەزیرانی عێراق دەستەی راگەیاندن و گەیاندنی راسپاردووە بە خێرایی لێکۆڵینەوە بکات لەو لایەنانەی ڤیدیۆکەیان بەرهەمهێناوە. 
 
سوودانی پێیوایە ئەم کارە "بێ رێزییە بە سیمبوولە رۆشنبیرییەکان و دامەزراوە حکومییەکان، هەروەها بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای ژیریی دەستکردە (AI) بە شێوەیەکی نابەرپرسانە و پێچەوانەی رێسا پیشەیی و میدیاییەکان."
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، سەرۆکوەزیرانی عێراق مافی یاسایی خۆی دەپارێزێ بۆ سکاڵاکردن لەسەر ئەو لایەنەی کارەکەی کردووە، بەو پێیەی ڤیدیۆکە وەک "سووکایەتیکردن بە عێراق و سیمبوولە نیشتمانییەکانی" دادەنرێ.