سبەی لە سنووری نەینەوا بۆ کوردانی ئێزدی پشووی فەرمییە
رووداو دیجیتاڵ
سبەی لە سنووری هەردوو قەزای شنگال و تەلەعفەر پشووی فەرمییە و لە سنووری پارێزگای نەینەواش بۆ تەواوی فەرمانبەرانی کوردانی ئێزدی پشووە.
رەفعەت سمۆ، یاریدەدەری پارێزگاری نەینەوا بۆ کاروباری کارگێڕی، ئەمڕۆ چوارشەممە 18ی شوباتی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەبۆنەی جەژنی خدر ئەلیاسی تایبەت بە کوردانی ئێزدی، بە بڕیاری عەبدولقادر دەخیل، پارێزگاری نەینەوا سبەی پێنجشەممە، 19ی شوباتی 2026 لە هەردوو قەزای تەلەعفەر و شنگال پشووی فەرمییە.
یاریدەدەری پارێزگاری نەینەوا بۆ کاروباری کارگێڕی گوتی:"خەڵکی تەلەعفەریش خدر و ئەلیاس بە جەژنی خۆیان دەزانن، بۆیە لە قەزای تەلەعفەریش سبەی کراوەتە پشوو".
رەفعەت سمۆ، کە خۆی کوردی ئێزدییە، ئاماژەی بەوەکرد، جگە لە دانیشتووانی ئەو دوو قەزایە، "بڕیاری پشوو هەموو فەرمانبەرانی کوردی ئێزدی لە سەرانسەری پارێزگای نەینەوا دەگرێتەوە".
کوردانی ئێزدی گرنگییەکی زۆر بە جەژنی خدر ئەلیاس دەدەن و پێیانوایە لەو مانگەدا دەرگای خێر و بەرەکەت بەسەر خەڵکدا دەکرێتەوە. ئەو کوڕ و کچانەش کە دەیانەوێ ژیانی هاوژینی پێکبێنن، بە ئارەزووی دڵیان دەگەن.
یەکێک لە رێوڕەسمەکانی ئەو جەژنە ئەوەیە گەنم و جۆ سوور دەکرێنەوە و پێیان دەگوترێت قەلاندۆک. بە بۆچوونی ئەوان "نابێت لەم جەژنەدا هیچ ئاژەڵێکی وەک چێڵ، بزن یان مەڕ سەری ببڕدرێ".
لە رۆژی جەژنی خدر ئەلیاس دا ژمارەیەکی زۆری کوردانی ئێزدی دەچنە مەزار و پەرستگەکانی نزیک شوێنی نیشتەجێبوونیان و نزادەکەن، هەروەها بەپێی بیرەوباوەڕی کوردانی ئێزدی، هەرکەسێک ناوی خدر یان ئەلیاس بێت، دەبێت لە ساڵێکدا سێ رۆژی لەسەر یەک بەڕۆژوو بێت.