عێراق 157 مێرمنداڵی داعش رەوانەی چاکسازییەکان دەکات

رووداو دیجیتاڵ

حکومەتی عێراق ئامادەکارییەکانی بۆ دادگاییکردنی ئەو چەکدارانەی داعش تەواو کردووە، کە لە سووریاوە هێنراون. سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنی رایدەگەیێنێت، لێکۆڵینەوەی سەرەتایی لەگەڵ 500 تۆمەتبار کۆتایی هاتووە و لە مانگەکانی داهاتوودا پرۆسەی دادگاییکردنیان دەستپێدەکات.
 
چوارشەممە، 18-2-2026، فەریق سەعد مەعن، سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنی بە میدیای فەرمیی عێراقی راگەیاندووە، "دادگەی لێکۆڵینەوەی کەرخی یەکەم بە سەرپەرشتیی دادوەران و لێکۆڵەرانی پسپۆڕ، کۆتاییان بە لێکۆڵینەوەی سەرەتایی 500 دەستگیرکراوی داعش هێناوە."
 
بە گوتەی سەعد مەعن، دۆسیەی دەستگیرکراوەکان بەپێی "ئاستی مەترسیداری و ئەو تاوانانەی کردوویانە" پۆلێن دەکرێن و بەو پێیەش رەوانەی دادگە دەکرێن. ئاماژەی بەوەش کردووە کە پڕۆسەکە بەردەوامە و لە مانگەکانی داهاتوودا بەشێکی زۆری ئەو چەکدارانە رووبەڕووی دادگە دەکرێنەوە.
 
157 مێرمنداڵ جیاکراونەتەوە
 
سەبارەت بەو مێرمنداڵانەی لەنێو دەستگیرکراوەکاندابوون، سەعد مەعن ئاشکرای کردووە، 157 مێرمنداڵ لە ریزی چەکدارەکان جیاکراونەتەوە کە دووانیان عێراقین و گوتی: "دۆسیەی ئەوانە رەوانەی دادگەی لێکۆڵینەوەی مێردمنداڵان لە کەرخ کراوە و لە بنکەکانی چاکسازی و شیاندنەوە دادەنرێن، ئەمەش وەک رێزگرتن لە پێوەرە یاسایی و مرۆییەکانی عێراق."
 
سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنی جەختی کردەوە کە سەرجەم دادگاییکردنەکان بەپێی یاسای سزادانی عێراقی دەبێت و گوتی، "بڕیاری دادگە و جێبەجێکردنی سزاکان چ بەندکردن یان سێدارە تەنیا لەنێو خاکی عێراقدا دەبێت."
 
سەعد مەعن ئاماژەی بەوەش کرد، دوای کۆتاییهاتنی قۆناخی دادگاییکردن و سزا، عێراق لە رێگەی وەزارەتی دەرەوە و کەناڵە دیپلۆماسییەکانەوە هاوئاهەنگی لەگەڵ ئەو وڵاتانە دەکات کە تۆمەتبارەکان لێوەی هاتوون. گوتیشی، بەپێی ماددەی 6ی یاسای سزادانی عێراقی، بەغدا دەسەڵاتی تەواوی هەیە لە لێکۆڵینەوە، دادگاییکردن و جێبەجێکردنی سزا بەرامبەر بەو کەسانەی لەسەر خاکەکەی تاوانیان کردووە.
 
دوای پێشهاتەکانی شەڕی نێوان هەسەدە و سوپای سووریا، لەسەر داوای حکومەتی عێراق، هێزەکانی ئەمریکا 5 هەزار و 704 بەندکراوی داعشی لە خاکی سووریا گواستەوە بۆ عێراق و سەرجەمیان لە گرتووخانەی ناوەندیی بەغدا زیندانی کراون.
 
بەگوێرەی دەسەڵاتی دادوەریی عێراق، ئەو چەکدارانەی پێشووی داعش هەڵگری وڵاتینامەی ''ئەڵمانیا، هۆڵەندا، بەلجیکا، فەرەنسا، نەمسا، ئیسپانیا، سویسرا، دانیمارک، پۆڵەندا، رووسیا، ئۆکرانیا، ئوسترالیا، کەنەدا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، باشووری ئەفریقا، نیوزیلاند و بەریتانیا''ـن.