لەسەر دزی سەدە دوو بەڕێوەبەری کۆمپانیا بە 10 ساڵ زیندان سزادەدرێن


رووداو دیجیتاڵ

دادگەی تاوانەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لە عێراق سزای 10 ساڵ زیندانیکردنی بۆ دوو بەڕێوەبەری پێشووی کۆمپانیا دەرکرد، ئەوەش بەهۆی تێوەگلانیان لە دۆسیەی گەندەڵی و سپیکردنەوەی پارە.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی ئەنجوومەنی دادوەریی عێراق، رۆژی چوارشەممە، 18-02-2026، دادگەی تاوانەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی سزای 10 ساڵ زیندانیی بۆ هەریەک لە بەڕێوەبەری رێگەپێدراوی پێشووی کۆمپانیای (ئەنسار رایە و فەوارس) و بەڕێوەبەری رێپێدراوی پێشووی کۆمپانیای (میزان ئەلعێراق) دەرکرد.
 
ئەنجوومەنی دادوەری لەبارەی سرووشتی تاوانەکەیان روونکردنەوەی داوە و دەڵێت: "ئەم دوو تاوانبارە پارەی سپاردەی باجەکانیان دزیوە و پارەکەیان بۆ دەرەوەی عێراق گواستووەتەوە؛ دواتر پارەکەیان بۆ کڕینی خانوو و ئۆتۆمبێل بەکارهێناوە."
 
سزاکە بە پشتبەستن بە یاسای بەرەنگاربوونەوەی سپیکردنەوەی پارە و دابینکردنی دارایی بۆ تیرۆر (ژمارە 39ی ساڵی 2015) دەرچووە.
 
دادگەکە بۆ بڕیارەکە پشتی بە ماددەی 36 و ماددەی 2 (بڕگەکانی یەکەم و سێیەم) لە یاساکە و ماددەکانی (47، 48، 49) لە یاسای سزادانی عێراقی بەستووە.
 
"دزیی سەدە" لە ساڵی 2022 و لەسەردەمی کابینەکەی مستەفا کازمی ئاشكرا بوو، سەرەتا وا بڵاوکرایەوە بڕی دوو ملیار و 500 ملیۆن دۆلار (3 تریلیۆن و 700 ملیار دینار) لەو پارانەی بەناوی "سپاردەی باجەکان"ـەوە لە بانک دانراوە لەنێوان ئەیلوولی 2021 تاوەکو ئابی 2022، واتە لەماوەی کەمتر لە یەک ساڵدا لە رێگەی 247 چەکی پێنج کۆمپانیاوە بردراوە. بەڵام ئێستا دەرکەوتووە پارەکە و ژمارەی تۆمەتبارانیش لەوە زیاترن کە سەرەتا راگەیێندران.
 
پێشتر لە 25-11-2024 دادگەی تاوانی کەرخ لە بەغدا 13 لە تاوانبارانی دۆسیەی دزیی سەدەی بە 79 ساڵ بەندکردن سزا دا، بەڵام هەندێک لە تاوانبارەکان لە دەرەوەی وڵاتن و دەستگیر نەکراون.