ئۆتۆمبێلێک لە واست دەکەوێتە کەناڵێکی ئاودێریەوە و هەشت کەس گیان لەدەست دەدەن
رووداو دیجیتاڵ
ئۆتۆمبێلێک لە سنوورى پارێزگاى واست دەکەوێتە کەناڵێکی ئاودێرییەوە، بەهۆیەوە هەشت کەس گیانیان لەدەستدا.
بەڕێوەبەرایەتى گشتیی هاتووچۆى عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرایکرد، 17ـی ئادارى 2023، ئۆتۆمبێلێکى جۆرى ئۆپتیما لە قەزاى سوێرەى سەر بە پارێزگاى واست کەوتووەتە نێو کەناڵێکی ئاودێریەوە و وەرگەڕاوە، بەهۆیەوە هەشت کەس لە سەرنشینەکانى گیانیان لەدەستداوە، لەنێو قوربانییەکاندا منداڵیش هەن.
بەگوێرەى راگەیێندراوەکە، هۆکارى ئەو رووداوەی هاووتوچۆ "خێرایی لە رادەبەردەرى ئۆتۆمبێلەکە بووە".
بەگوێرەى ئامارێکى وەزارەتى پلاندانانى عێراق کە لە 14ـی ئادارى 2023 بڵاویکردووەتەوە، لە ساڵى رابردوودا زیاتر لە 11.5 هەزار رووداوى هاتووچۆ لە عێراق روویانداوە، کە بەهۆیانەوە سێ هەزار و 21 کەس گیانیان لەدەستداوە.
ئەو رووداوە لەکاتێکدایە ژمارەی رووداوەکانی هاتووچۆ بەپێی وەزارەتی پلاندانانی عێراق لە ساڵی 2022 بەراورد بە 2011 بەڕێژەی 8٪ زیادیان کردووە.