لە مانگی شوبات 13 پارێزگارى پێشووى عێراق راپێچى دادگە کراون

رووداو دیجیتاڵ

لە مانگى شوبات لە عێراق 38 فەرمانى دەستگیرکردن و بانگکردن بۆ بەردەم دادگە لەسەر دۆسییەکانى گەندەڵى دەرکراوە، کە بەشێکیان لە دژى  13 پارێزگارى پێشوو بوون.
 
دەستەى دەستپاکیى عێراق ئەمڕۆ (18ـی ئادارى 2024) ئامارى لێکۆڵینەوەى لەو بەرپرسانەی ئێستا و پێشووى عێراق بڵاوکردەوە، کە مانگى شوباتى رابردوو لەسەر دۆسیەى گەندەڵى ئەنجامدراون. 
 
دەستەى دەستپاکیی عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەى بەوە داوە، لە مانگى شوباتی رابردوودا، 38 فەرمانى دەستگیرکردن و بانگهیشتکردنیان لەسەر دۆسییەکانى گەندەڵى بۆ بەردەم دادگە دەرکردووە کە 37ـیان بەرپرسانى پلە باڵا بوون. 
 
بەگوێرەى راگەیێندراوەکە، 32 فەرمانى بانگکردن بۆ دادگە لە دژى ئەو بەرپرسانە دەرکراوە و شەش بڕیاریش تایبەت بوون بە دەستگیرکردن.
 
ئەو کەسانەى فەرمانى دەستگیرکردن یان بانگهێشتکردن بۆ دادگە گرتوونەتییەوە بریتین لە؛ وەزیرێکى پێشوو، بریکارى وەزارەتێکى ئێستا، ئەندامێکى ئێستاى پەرلەمان، 22 بەڕێوەبەرى گشتى پێشوو، نۆ بەڕێوبەى گشتیی ئێستا و 13 پارێزگارى پێشووى عێراق.
 
بەگوێرەى دوایین ریزبەندیی رێکخراوى نێودەوڵەتیی شەفافیەت، لە کۆى 180 وڵاتاى جیهان، عێراق لە ریزبەندیی 157ـەمین وڵاتە لەڕووى زۆریى گەندەڵى و کەمى شەفافیەتەوە.