هەیبەت حەلبووسی: فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان هیچ جیاوازییەکیان لەگەڵ فەرمانبەرانی دیکەی عێراق نییە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق جەخت لە رژدیی پەرلەمان دەکاتەوە بۆ بەردەوامبوون لە خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و رایدەگەیێنێت، "رێگە نادەین بژێوییان تێکبدرێت و دەبێت مووچە لە ململانێ سیاسییەکان دووربخرێتەوە."
رۆژی سێشەممە، 17-03-2026، هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، پەرلەمانی عێراق رێگە نادات دەست بۆ بژێویی ژیانی هاووڵاتیان ببرێت و گوتی، "فەرمانبەری هەرێمی کوردستان هەمان ئەو فەرمانبەرەیە کە لە پارێزگاکانی دیکەی عێراق خزمەت دەکات."
سەرۆکی پەرلەمانی عێراق جەختی لەوەش کردەوە کە بۆ زامنکردنی مافی هەمووان، دەبێت پەنا بۆ دەستوور و یاسا ببرێت و رێگە نەدرێت ململانێ سیاسییەکان کار بکەنە سەر شایستە داراییەکانی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.
شەوی سێشەممە پەرلەمانی عێراق لەسەر پرسی نەوت و هەناردەکردنی لە هەرێمی کوردستانەوە، میوانداریی حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق، بریکارانی وەزارەت و بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای سۆمۆی کرد، بەڵام وەزیری سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان بەشداریی کۆبوونەوەکەی نەکرد و فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستانیش بایکۆتی دانیشتنەکەی کرد.
هەر لەو بارەیەوە، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، رۆژی سێشەممە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "هەرێمی کوردستان رێگر نییە، تەنیا داوای ئەوەی کردووە گەرەنتی هەبێت و بتوانین لە کێڵگەکانی خۆشمان نەوت هەناردە بکەین."
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان جەختی لەوەش کردەوە کە پێویستە بەغدا مافەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان بدات و کۆتایی بەو "ئابڵووقەیە" بهێنێت کە دروستبووە.