فەرهاد ئەترووشی: دوایین دانیشتنی پەرلەمان نادەستووری بووە


رووداو دیجیتاڵ

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، دانیشتنی ژمارە 14ـی پەرلەمان "نادەستووری" و "پێچەوانەی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان" بووە، بۆیە بڕیارەکانی هیچ بەهایەکی یاساییان نییە.
 
فەرهاد ئەترووشی، رۆژی چوارشەممە، 18ـی ئاداری 2026، لە راگەیێندراوێکدا ڕایگەیاند: "بەدواداچوونمان بۆ وردەکارییەکانی دانیشتنی ژمارە 14ـی پەرلەمان و دەرهاوێشتەکانی کرد؛ پێشتر رامانگەیاندبوو ئەم دانیشتنە نایاساییە، چونکە کارنامەکەی بە رەزامەندیی ئێمە نەبووە، ئەوەش پێشێلکردنی ماددەی 9/یەکەمە لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان."
 
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، ئاماژەی بەوە کرد، بۆ دەربازبوون لەو دەقە یاساییانە، وا نیشان دراوە کە دانیشتنەکە "نائاسایی" بووە و پشت بە ماددەی 58ـی دەستوور بەستراوە، بەڵام بە گوتەی ئەترووشی، "ئەمە یاریپێکردنە بە دەقەکان، چونکە نەدەبوو دانیشتنە ئاساییەکە لە بنەڕەتدا ساز بکرێت و دەبوو بانگهێشت بۆ دانیشتنێکی نائاسایی جیاواز بکرێت، بۆ ئەوەی لایەنی یاسایی تەواو بێت."
 
سەبارەت بە بڕیارەکانی دانیشتنەکەش، فەرهاد ئەترووشی، رەخنەی تووندی لە سەرۆکی پەرلەمانی عێراق گرت و گوتی: "سەرۆکی پەرلەمان بڕیارێکی بەناوی 'بڕیاری پەرلەمان' راگەیاند، بەبێ ئەوەی دەنگدانی یاسایی بۆ بکرێت، وەک ئەوەی لە ماددەی 59ـی دەستووردا هاتووە. جگە لەوەی ئەم بڕیارە دژی بڕیارێکی دادگای فیدراڵییە (ژمارە 140 و 141ـی ساڵی 2018) کە ڕایگەیاندبوو پەرلەمان بۆی نییە بڕیاری یاسادانان دەربکات."
 
جێگری سەرۆکی پەرلەمان جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە هەڵوێستە سیاسییەکان لەسەر بنەمای یاسا و دەستوور بن، نەک هەنگاوی نایاسایی و هەمیشە پابەندبوون بە دەستوور و سیستمی فیدراڵی، گەرەنتیی سەقامگیرییە، "نەک هەڕەشەی بڕینی بودجە یان هێرشکردن بە درۆن و مووشەک."
 
رۆژی چوارشەممە، 18-03-2026، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دانیشتنی ژمارە 14ی خۆی کرد، کە تایبەت بوو بە گفتوگۆکردن لەسەر پرسی هەناردەکردنی نەوت لەڕێگەی بەندەری جەیهانەوە. لە دانیشتنەکەدا پەرلەمان بڕیارنامەیەکی هەشت خاڵی پەسند کرد کە بریتین لە:
 
1.دۆزینەوەی رێگەی نوێ بۆ فرۆشتنی نەوت: حکومەتی فیدراڵی پابەند دەکرێت بە دۆزینەوەی رێگەی نوێ بۆ فرۆشتنی نەوتی خاو، بە مەبەستی دوورکەوتنەوە لە هەر کاریگەرییەکی نەرێنی لەسەر بژێوی خەڵک و مووچەی فەرمانبەران لە سەرتاسەری عێراق.
 
2. پاڵپشتیی پەرلەمان: پەرلەمان ئامادەیی نیشانداوە بۆ دەنگدان لەسەر هەر بڕیارێک کە یارمەتی حکومەت بدات لە دۆزینەوەی رێگەی جێگرەوە بۆ هەناردەی نەوت.
 
3. سەپاندنی دەسەڵات بەسەر سەرچاوە نەوتییەکان: پێویستە حکومەتی فیدراڵی دەسەڵاتی خۆی بەسەر هەموو سەرچاوەکانی بەرهەمهێنان، گواستنەوە و دابەشکردنی نەوتدا بسەپێنێت.
 
4. جێبەجێکردنی سیستمی ئەسیکۆدا: حکومەتی فیدراڵی پابەند دەکرێت بە جێبەجێکردنی سیستمی "ئەسیکۆدا" لە هەموو پارێزگاکانی عێراق، بە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانیشەوە.
 
5. یاسای نەوت و گاز: دەبێت لە کارنامەی داهاتووی حکومەتدا، دەرکردنی یاسای نەوت و گاز لە ماوەیەکی دیاریکراودا جێگیر بکرێت و رەوانەی پەرلەمان بکرێت.
 
6. دابینکردنی نەوتی رەش: حکومەتی فیدراڵی پابەند دەکرێت بە دابینکردنی نەوتی رەش بۆ کارگە حکومی و تایبەتەکان، بۆ رێگریکردن لە کەڵەکەبوونی نەوت لە پاڵاوگەکان و بەردەوامیی کارەکانیان.
 
7. نۆژەنکردنەوەی هێڵی کەرکووک - جەیهان: حکومەتی فیدراڵی پابەند دەکرێت بە نۆژەنکردنەوەی هێڵی نەوتی عێراق کە لە کەرکووکەوە بەرەو رۆژئاوای مووسڵ، زوممار و پێشابوور دەچێت بۆ گەیشتن بە بەندەری جەیهان.
 
8. مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان: حکومەتی فیدراڵی پابەند دەکرێت بە خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، هاوشێوەی فەرمانبەرانی پارێزگاکانی دیکەی عێراق.
 
بەهۆی بارودۆخی ناوچەکە و جەنگی ئێران و ئەمریکا/ئیسرائیل، هەناردەی نەوتی عێراق و هەرێمی کوردستان رووبەڕووی ئاستەنگی گەورە بووەتەوە و مەترسی لەسەر دابینکردنی بودجە و مووچە دروست بووە.