سەرچاوەیەک لە حکومەتی عێراق دەڵێت، مووچە بێ دواکەوتن و لێبڕین دابەشدەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوەیەکی حکومەتی عێراق رایگەیاند، پابەندن بە دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران بەبێ دواخستن و لێبڕین.
بەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 19ی ئاداری 2026، میدیای فەرمی عێراق لەسەر زاری سەرچاوەیەکی حکومەتی فیدراڵییەوە روونکردنەوەیەکی لەبارەی مووچە بڵاوکردەوە.
سەرچاوەکە رایگەیاندووە، حکومەت پابەندە بە دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران بەبێ دواکەوتن و لێبڕین.
مانگانە عێراق پێویستی بە زیاتر لە 7.3 تریلیۆن دینارە بۆ دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان.
دابەشکردنی مووچەی مانگی ئاداری عێراق بەراورد بە ساڵی رابردوو لە کاتی خۆی دواکەوتووە و بڕیارە لە دوای جەژنی رەمەزان دەست بە دابەشکردنی بکرێت.
لە 28ی شوباتەوە هەناردەی نەوتی عێراق لە بەسرە راگیراوە کە سەرچاوەی زیاتر لە 90%ی داهاتەکەیەتی ، ئەوەش بەهۆى جەنگى ئێران لەگەڵ ئەمریکاو ئیسرائیل.