دژەتیرۆری عێراق بۆ رووداو: رەنگە هەندێک گۆڕانکاریی سووریا ببێتەهۆی هەوڵی دزەکردنی تیرۆریستەکان
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی دەزگای دژەتیرۆری عێراق دەڵێت، کۆتاییهێنان بە ئەرکی هاوپەیمانان، بۆشایی ئەمنی دروست ناکات. دەشڵێت، عێراق بەرەو قۆناخی "پشتبەستنی تەواوی نیشتمانی" هەنگاو دەنێت.
فەریق روکن کەریم تەمیمی ستراتیژیی دەزگاکەی بۆ قۆناخی دوای ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و ئاستی هەڕەشەکانی داعش و هاوئاهەنگییەکانیان لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگە بۆ رووداو ئاشکرا دەکات.
تەمیمی باس لەوە دەکات، عێراق بەرەو قۆناخی "پشتبەستنی تەواوی نیشتمانی" هەنگاو دەنێت؛ لەبارەی سووریاش دەڵێت، "رەنگە هەندێک گۆڕانکاری مەیدانی ببنەهۆی هەوڵی دزەکردن یان گۆڕینی شوێنی هەندێک لە گرووپە تیرۆریستییەکان."
ستراتیژی قۆناخی دوای هاوپەیمانان
سەبارەت بە پاشەڕۆژی ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق، فەریق روکن کەریم تەمیمی، سەرۆکی دەزگای دژەتیرۆری عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "کۆتاییهێنان بە ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی گواستنەوەیە لە قۆناخی هاوبەشیی مەیدانیی راستەوخۆوە بۆ قۆناخی پشتبەستنی تەواو بە خۆمان و بەهێزکردنی متمانە بە توانای ناوخۆیی."
ئەو بەرپرسەی عێراق ئاماژەی بەوەش کرد، هیچ بۆشاییەکی ئەمنی دروست نابێت و دەزگاکەیان خاوەن دیدگایەکی "ستراتیژیی روونە" کە لەسەر سێ تەوەرە کاردەکات:
- بونیادنانی سیستمێکی هەواڵگریی سەربەخۆ: بە پشتبەستن بە تەکنەلۆژیای پێشکەوتووی شیکاری و پەرەپێدانی توانای نیشتمانی لە بوارەکانی چاودێری تەکنیکی و هەواڵگری مرۆیی، بێ پشت بەستن بە سەرچاوەی دەرەکی.
- پاراستنی باڵادەستیی مەیدانیی جۆری: لە رێگەی بەرنامەکانی نوێکردنەوەی چەک و کەرەستە و گرێبەستکردن لەگەڵ کۆمپانیا جیهانییە بەناوبانگەکان.
- داڕشتنەوەی هاوبەشییە نێودەوڵەتییەکان: گۆڕینی شێوازی کارکردن بۆ هاوبەشیی دووقۆڵیی پیشەیی کە ئێستا یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لەگەڵ ئیسپانیا واژۆکراوە و کار بۆ واژۆکردنی یاداشتنامەی هاوشێوە لەگەڵ ئیتاڵیا و فەڕەنسا دەکرێ.
داعش جووڵەی گۆڕیوە
لەبارەی تواناکانی ئێستای رێکخراوی داعش، سەرۆکی دەزگای دژەتیرۆری عێراق روونی کردەوە کە "داعش لە عێراق چی دیکە توانای کۆنترۆڵکردنی رووبەر یان بەڕێوەبردنی ئۆپراسیۆنی فراوانی نییە،" بەڵکو تەنیا هەوڵ دەدات شێوازی "چەتەیی" پەیڕەو بکات، بە سوودوەرگرتن لە سرووشتی جوگرافیای سەخت.
تەمیمی ئاماژەی بە ئۆپەراسیۆنە جۆرییەکانی ئەم دواییەی دەزگاکەی کرد لە خورماتوو، سلێمان بەگ و بیابانی روتبە و گوتی: "ئەم ئۆپەراسیۆنانە ئەنجامی گرنگیان هەبوو لە هەڵوەشاندنەوەی چەند مەفرەزەیەکی تیرۆریستی و تێکشکاندنی چەندین حەشارگە و تونێل."
بەرپرسە عێراقییەکە گوتی، ناوچەکانی وەک زنجیرە چیاکانی حەمرین و ناوچە سنوورییەکانی نێوان دیالە، سەلاحەدین و کەرکووک، تەنیا ناوچەی تاقیکردنەوەی کاتین بۆ شانە بچووکەکان و نەگەیشتوونەتە ئاستی "مۆڵگەی گەرم".
هاوئاهەنگی لەگەڵ پێشمەرگە؛ ''لە کارە لەپێشینەکانە''
فەریق روکن کەریم تەمیمی دەڵێت: "ئاستی هاوئاهەنگیی نێوان دەزگاکەمان و هێزەکانی پێشمەرگە گەشەکردنێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، بەتایبەت لە ناوچەکانی بۆشایی ئەمنی."
بە گوتەی سەرۆکی دەزگای دژەتیرۆر، هاوئاهەنگییەکی هەواڵگری و مەیدانی ئاستبەرز هەیە بۆ گۆڕینەوەی زانیاری، وەرگرتنەوەی داواکراوان لە هەرێمی کوردستان و ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش هەیە؛ گوتیشی: "تێگەیشتنێکی هاوبەش لای هەموو لایەنەکان هەیە کە پڕکردنەوەی ئەم بۆشاییانە لە کارە لەپێشینە نیشتمانییەکانە."
پاراستنی سنوور و دۆسیەی سووریا
سەبارەت بە مەترسییەکانی دزەکردنی چەکدارانی داعش لە سنوورەکانەوە، بەتایبەت لە سووریا، سەرۆکی دەزگای دژەتیرۆری عێراق رایگەیاند کە دەزگای دژەتیرۆر وەک "هێزێکی یەدەگی ستراتیژی" بۆ فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان لە ئامادەیی تەواودایە.
تەمیمی گوتی: "رەنگە هەندێک گۆڕانکاری مەیدانی ببنەهۆی هەوڵی دزەکردن یان گۆڕینی شوێنی هەندێک لە گرووپە تیرۆریستییەکان؛" ئاماژەی بەوەش کرد، "سنوورەکانی عێراق ئەمڕۆ لەژێر سیستمێکی ئەمنیی فرەئاستدان کە هەوڵی هەواڵگری، چاودێری مەیدانی و ئامادەیی مەیدانی دەگرێتەوە."
ئەو بەرپرسە گوتی، یەکەکانی دەزگاکەیان تەواوی هێڵەکانی سنووریان بەسەر کردووەتەوە و بۆشاییە ئەمنییەکانیان دەستنیشان کردووە بۆ رێگری لە هەر هەڕەشەیەکی ئەگەر کە لە نائارامییەکانی ناوچەکەوە سەرچاوە بگرێت.