وەزارەتی ناوخۆی عێراق بۆ راگەیاندنەکان: وردەکاریی شوێنی رووداوەکان بڵاونەکەنەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی ناوخۆی عێراق زنجیرەیەک رێکار "بۆ پاراستنی ئاسایشی وڵات" رادەگەیێنێت، بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆی ئەو شوێنانەی دەکرێنە ئامانج قەدەخە دەکات و هۆشداری دەداتە دەزگاکانی راگەیاندن کە وردەکاریی شوێنە هەستیارەکان ئاشکرا نەکەن.
 
رۆژی چوارشەممە، 18ی ئاداری 2026، وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە راگەیێندراوێکدا کە ئاڕاستەی هاووڵاتییان و دەزگاکانی راگەیاندنی کردووە، گوتی، "پاراستنی ئاسایشی عێراق بەرپرسیارێتییەکی گشتییە."
 
وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاندووە، بە هەموو شێوەیەک بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆی ئەو شوێنانەی دەکرێنە ئامانج لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان قەدەخەیە. دەشڵێت، "کارێکی لەو جۆرە دەبێتەهۆی ئاشکرابوونی شوێنە هەستیارەکان و خزمەتی لایەنە نەیارەکان دەکات."
 
وەزارەتەکە داواش لە هاووڵاتییان دەکات لە کاتی هەر رووداوێکدا نزیکی شوێنەکە نەکەونەوە، "ئەوەش لەپێناو پاراستنی گیانی خۆیان و رێگەخۆشکردن بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان تاوەکو کارەکانیان ئەنجام بدەن."
 
وەزارەتی ناوخۆی عێراق داوا لە دەزگاکانی راگەیاندن دەکات لە کاتی گواستنەوەی هەواڵەکاندا ورد بن و "بە هیچ شێوەیەک وردەکاریی شوێنی رووداوەکان بڵاونەکەنەوە،" هۆشداریش دەدات کە هەر دەزگایەک سەرپێچی بکات، "رووبەڕووی لێپرسینەوەی تووندی یاسایی دەبێتەوە."