ئێران هەناردەکردنی گازی بۆ عێراق بەتەواوی راگرت؛ کارەبای نیشتمانی 3200 مێگاوات کەمی کردووە


رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق بە رووداوی راگەیاند، کاژێرێک لەمەوبەر کۆماری ئیسلامیی ئێران هەناردەکردنی گازی بۆ عێراق بەتەواوی راگرت، بەوەش بەرهەمهێنانی کارەبای وڵاتەکە زیاتر لە سێ هەزار مێگاوات کەمی کردووە.
 
رۆژی چوارشەممە، 18ـی ئاداری 2026، ئەحمەد موسا عەبادی، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "پێشتر ئێران رۆژانە 19 ملیۆن مەترسێجا گازی رەوانەی عێراق دەکرد بۆ بەگەڕخستنی وێستگەکانی کارەبا، بەڵام کاژێرێک لەمەوبەر هەناردەکردنی گازەکە بەتەواوی راگیرا."
 
سەبارەت بە هۆکاری ئەم بڕیارە کتوپڕەی تاران، گوتەبێژەکەی وەزارەتی کارەبا ئاماژەی بەوە کرد کە تاوەکو ئێستا لایەنی ئێرانی هیچ روونکردنەوەیەکی فەرمییان پێنەداون، بەڵام گوتیشی: "وەک ئاماژە سەرەتاییەکان، پێدەچێت بڕینی گازەکە پەیوەندی بە لێکەوتەکانی جەنگی ناوچەکەوە هەبێت."
 
هەر ئەمڕۆ وەزارەتی نەوتی ئێران رایگەیاند، وێستگەکانی 3،4،5 و 6ی پارسی باشوور لە شاری عەسلەویە بۆردوومان کران.
 
شاری عەسلەویە سەر بە پارێزگای بوشێهرە لە کەناراوەکانی کەنداو و یەکێک لە گەورەترین کۆمپانیاکانی وزەی ئێران بەناوی (پارسی باشوور) لەوێ هەڵکەوتووە کە ئەرکی دەرهێنان و هەناردەی نەوت و گازە لە ناوچە ئاوییەکانی ئێران و ناوچە ئاوییەکانی هاوبەشی نێوان ئێران و قەتەر.
 
ئەحمەد موسا باسی لە لێکەوتە خێراکانی ئەو بڕیارە کرد و رایگەیاند، بەهۆی راگرتنی گازەکەوە، بەرهەمهێنانی کارەبای نیشتمانی لە عێراق 3 هەزار و 200 مێگاوات کەمی کردووە، ئەوەش کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر کەمبوونەوەی کاژێرەکانی پێدانی کارەبا بە هاووڵاتییان دەبێت.
 
عێراق بۆ دابینکردنی سووتەمەنیی وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا، بەشێوەیەکی سەرەکی پشت بە گازی هاوردەکراوی ئێران دەبەستێت و زۆرجار بەهۆی کێشەی تەکنیکی یان داراییەوە، تاران هەناردەی ئەو سووتەمەنییە کەمدەکاتەوە یان رادەگرێت.