لە شارەبان چەند کەسێک دوو هاوژین دەکوژن
رووداو - کەرکووک
گوتەبێژی پۆلیسی دیالە بە رووداوی گوت، ئەمشەو چەند کەسێک هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵێک لە شارۆچکەی شارەبان و دوو هاوژینیان کوشتوون.
رووداوەکە کاژێر 08:00ـی ئەمشەو سێشەممە، 18-04-2023، بووە. عەمید محەممەد، گوتەبێژی پۆلیسی دیالە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، پێدەچیت هێرشەکە لە لایەن داعشەوە کرابێت و گوتی، چەند کەسێک لە گەڕەکەکە بینیویانە کە ئەو چەند کەسە چوونەتە ماڵی ئەو دوو هاوژینە و "بە شێوەیەکی زۆر دڕندانە" کوشتوویانن.
بە گوتەی گوتەبێژی پۆلیسی دیالە، رووداوەکە لە گەڕەکی تەحریری شارۆچکەی شارەبان روویداوە و هیچ چەکێک بەکارنەهاتووە، بۆیە تاوەکو ئێستا نازانن بەچی ئەو دوو هاوژینە کوژراون و لێکۆڵینەوەیان لە رووداوەکە دەستپێکردووە.
عەمید محەممەد باس لەوە دەکات، "ئەو کەسەی کوژراوە سەربازی سوپای عێراق بووە و دوای رووداوەکە بە نیو کاژێر هێزە ئەمنییەکان ئاگادارکرانەوە و چوونە شوێنی رووداوەکە."