شەعلان کرەیم لە رکابەریی سەرۆکى پەرلەمان کشایەوە

رووداو دیجیتاڵ
 
شەعلان کرەیم لە بەربژێریی پۆستى سەرۆکى پەرلەمان کشایەوە، هەرچەندە گەڕى یەکەمى دەنگدان لە پەرلەمان بە زۆرینەى دەنگ تێپەڕاند، بەمەش رکابەرەکەى دەبێتە بەربژێر، یان پەیڕەوى ناوخۆ هەموار دەکرێتەوە بۆ ئەوەى بەربژێری دیکە بچنە رکابەرییەکەوە.
 
ئەو کشانەوەیە لە راگەیێدراوێکدا بوو کە شەعلان کرەیم بەربژێرى پارتى تەقەدوومى سوننە بڵاویکردووەتەوە، دەڵێت، "جگە لە کشانەوەم لە رکابەرى پۆستى سەرۆکى پەرلەمان، سەربەخۆبوونى خۆشم لە هەموو کوتلە و پارتێکى سیاسىی رادەگەیێنم" .
 
سەرۆکایەتیى پەرلەمانى عێراق، 14ـی کانوونى دووەمی 2024، دانیشتنى تایبەت بە هەڵبژاردنى سەرۆکى نوێى پەرلەمانى بۆ کاتێکى نادیار هەڵگرت، کە تائێستاش نەکراوە، لە پاش ئەوەى دەنگدانەکە گەیشتە گەڕى دووەمى دەنگدان لە نێوان شەعلان کرەیم، لەگەڵ سالم عیساوى، بەربژێرى هاوپەیمانیى سەروەرى.
 
دارا سێکانیانى، ئەندامى لێژنەى یاسایى پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت، "دواى ئەو کشانەوەیە، سالم عیساوى وەک بەربژێر دەمێنێتەوە تاوەکو دەنگى پێ بدرێت، بەڵام ئەگەر پەیڕەى ناوخۆ هەموار بکرێتەوە، کەسى دیکەش دەتوانێت خۆى بەربژێر بکات."
 
74 پەرلەمانتارى عێراق لە 27ى ئادارەوە داواکارییەکیان پێشکێش بە موحسین مەندەلاوى، سەرۆکى کاتیی پەرلەمان کردووە بۆ هەموارکردنەوەى بڕگەیەکى مادەى 12ى پەیڕەوى ناوخۆى ئەو پەرلەمانە، کە پۆستى سەرۆکى پەرلەمان و جێگرانى بە زۆرینەى رەها هەڵبژێردرێن کە دەکاتە نیوە کۆیەکى ئەندامانى پەرلەمان.
 
بەشێک لە پەرلەمانتارانى شیعە شەعلان کرەیم تۆمەتبار دەکەن بەوەى پەیوەندى بە حیزبى بەعسەوە هەبووە و ئەوەش لەدژى یاساى لێپرسینەوە و دادوەرییە، کە تایبەتە بە رێگرى لە بەرپرسانى باڵاى پێشووى حیزبى بەعس بۆ ئەوەى پۆستە باڵاکان لە عێراق بگرنە دەست.
 
 لە 14ـی تشرینى دووەمی ساڵى رابردووەوە پۆستى سەرۆکى پەرلەمان چۆڵە، بەهۆى بڕیارێکى دادگەى باڵاى فیدراڵیی عێراق بۆ لێسەندانەوەى ئەندامێتی محەممەد حەلبووسی لە پەرلەمان، کە هاوکات سەرۆکى بوو.