بەڕێوەبەری ئاوی ژێرزەویی عێراق: بارانبارین کانییە وشکبووەکانی ژیاندووەتەوە
رووداو دیجیتاڵ
شەپۆلە بارانبارینەکانی ئەم دواییە کاریگەریی ئەرێنییان لەسەر ئاستی ئاوی ژێرزەوی و بەنداوەکانی باشووری کوردستان و عێراق هەبووە. بەڕێوەبەری گشتیی ئاوی ژێرزەوی عێراق دەڵێ، لە باشووری کوردستان و موسڵ کانییە وشکبووەکان ژیاونەتەوە. بەڕێوەبەرایەتیی بەنداوەکانیش دڵنیایی دەدات کە هاوینی ئەم ساڵ بێئاو نابن.
مەیسەم عەلی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاوی ژێرزەویی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، کاریگەرییەکانی بارانبارین لەسەر کۆگە قووڵەکان دوای چەندین ساڵ دەردەکەون، بەڵام ئەو کۆگانەی نزیکن لە رووی زەوی و قووڵییان لە 50 مەتر تێپەڕ ناکات "بەتایبەتی لە هەرێمی کوردستان"، سوودی زۆریان لە بارانی ئەم وەرزە بینیوە.
بووژاندنەوەی کانییەکان لە موسڵ و باشووری کوردستان
بەگوتەی مەیسەم عەلی، کاریگەریی بارانبارین بەتایبەتی لە ناوچە شاخاوییەکانی هەرێمی کوردستان "زۆر روونە" و بووەتەهۆی زیادبوونی ئاوی کانییەکان؛ ئاماژەی بەوەشکرد: "لە زۆر ناوچەی شاخاوی، تەقینی کانییەکانمان بینیوە، تەنانەت هەندێک کانی کە پێشتر وشک ببوون، بەڕێژەیەکی زۆر ئاویان تێدا گەڕاوەتەوە."
وەک بەڕێوەبەری ئاوی ژێرزەوی ئاماژەی بۆ دەکات، کانییەک لە موسڵ کە ساڵانێکی زۆر بوو وشک ببوو، بەهۆی شەپۆلەکانی ئەم دواییەوە بووژاوەتەوە و ئاستی ئاوی بیرەکانیش بەرزبووەتەوە.
بەڵام مەیسەم عەلی هۆشدارییەک دەدات و دەڵێت: "ئەم بووژانەوەیە بۆ ماوەیەکی کاتییە، ئەگەر بارانبارین لە ساڵانی داهاتوودا بەردەوام نەبێت، رەنگە دۆخەکە بگەڕێتەوە دۆخی جاران."
''بەنداوی حەدیسە تاکە نیگەرانییە''
لە لایەکی دیکەوە و بەگوتەی بەرپرسانی حکومی، دۆخی کۆگاکردنی ئاو لە بەنداوەکاندا لە ئاستێکی جێگیردایە. وسام خەلەف، بەڕێوەبەری بەنداوەکانی عێراق بە رووداوی راگەیاند: "دۆخی بەنداوەکان بە گشتی باشە، تەنیا بەنداوی حەدیسە لە پارێزگای ئەنبار نەبێت کە بەهۆی کەمبارانیی ئەو ناوچەیەوە دۆخەکەی زۆر باش نییە."
سەبارەت بە ئەگەری دروستبوونی قەیرانی ئاو لە وەرزی گەرمادا، وسام خەلەف دڵنیایی دا و گوتی، بەهۆی ئەو بڕە ئاوەی گلدراوەتەوە، هاوینی ئەم ساڵ عێراق تووشی کێشەی ئاو نابێت.
بەگوێرەی ئامارەکانی دەستەی کەشناسیی عێراق، ئەم وەرزە یەکێک بووە لە پڕبارانترین وەرزەکان، کە تێیدا پارێزگای نەینەوا لەسەر ئاستی عێراق (جگە لە هەرێمی کوردستان) پشکی شێری بەرکەوتووە و لە ناوەندی شاری موسڵ بەرزترین بڕی بارانبارین لەسەر ئاستی وڵات تۆمارکراوە کە گەیشتووەتە 262.8 میلیمەتر و کەمترین بڕیش لە پارێزگای دیوانییە بووە بە تێکڕای 50.5 میلیمەتر.
هەر بەپێی ئامارەکان، لە پارێزگای کەرکووک نزیکەی 200 باران باریوە؛ لە پارێزگای دیالەش، خانەقین بە 178.6 میلیمەتر یەکێک بووە لەو ناوچانەی زۆرترین بارانی لێ باریوە.