وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق: بەرزبوونەوەی نرخی مریشک پەیوەندی بە داخرانی تەنگەی هورمزەوە هەیە

رووداو دیجیتاڵ

نرخی مریشک لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق بە بەرزی ماوەتەوە. بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق دەڵێ، داخرانی تەنگەی هورمز و کەمبوونەوەی هاوردەی ئالیک هۆکارە.
 
رۆژی شەممە، 18ی نیسانی 2026، مەهدی جبووری، بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەهۆی داخرانی تەنگەی هورمزەوە نرخی ئالیکی مریشک بەرزبووەتەوە و ئەوەش هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی مریشکی زیندووە.
 
بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق دەڵێت: "لەگەڵ هەرێمی کوردستان هاوئاهەنگیمان هەیە و هەر بەرهەمێک لە هەرێمی کوردستان کەم بێت یان بەشی پێویستیی نێوخۆ نەکات، رەوانەی پارێزگاکانی خواروو و نێوەڕاست ناکرێ."
 
مەهدی جبووری دڵنیایی دەدات کە نرخەکە دادەبەزێ و گوتیشی: "کارمان کردووە بۆ دابینکردنی ئالیک لە رێگەی دیکەوە و لە وڵاتانی دراوسێوە هاوردەی دەکەین."
 
بەڵام فیراس سدیق، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت: "بەرزبوونەوەی نرخی مریشک پەیوەندی بە خستنەڕوو و خواستەوە هەیە."
 
لەبارەی تێچووی بەرهەمهێنان، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ ئاماژەی بەوە کرد کە وەرزی سەرما کاریگەری هەبووە و گوتی: "گرانبوونی نرخی سووتەمەنی هۆکارە. ئەو مریشکەی ئێستا لە بازاڕە، بەرهەمی مانگێک پێش ئێستایە کە تێچوویەکی زۆری هەبووە."
  
پێش 28ی شوبات و دەستپێکردنی جەنگی نێوان ئەمریکا/ئیسرائیل و ئێران، نرخی کیلۆیەک مریشک بە 2,300 بۆ 2,400 دینار بوو، بەڵام ئێستا لە بازاڕەکاندا کیلۆیەک بە 3,000 دینار و زیاتریش دەفرۆشرێ.
 
ئاماری پەلەوەرخانەکان و بەرهەمی ناوخۆ
بەپێی ئامارە فەرمییەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ، کەرتی پەلەوەر لە هەرێمی کوردستان بەم شێوەیەیە:
ژمارەی پەلەوەرخانەکان: 1,995 پەلەوەرخانە.
بەخێوکردنی ساڵانە: زیاتر لە 105 ملیۆن مریشک.
بەرهەمی ساڵانەی گۆشت: نزیکەی 250 هەزار تۆن.
پێویستیی ناوخۆ: 146 هەزار تۆن.