مەسلەماوی: سوودانی تاکە بەربژێرمانە و مالیکی بەهۆی تێبینییەکانەوە کشایەوە
رووداو دیجیاڵ
گوتەبێژی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان بە تۆڕی میدیاییی رووداوی راگەیاند، محەممەد شیاع سوودانی تاکە بەربژێری ئەوانە بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران و خاوەن پەسندکردنێکی گەورەی ناوخۆیی و نێودەوڵەتییە. ئاماژەی بەوەش کرد، کۆبوونەوەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ رۆژی دووشەممە دواخراوە بە مەبەستی گەیشتن بە کۆدەنگیی کۆتایی، بەڵام پابەندی وادە دەستوورییەکان دەبن.
فیراس مەسلەماوی، گوتەبێژی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان، لە میانی بەشداریکردنی لە بوڵتەنی کاژێر 16ی رووداو، کە رێبوار عەلی پێشكێشی کرد، ئاشکرای کرد کە نووری مالیکی لە بەربژێربوون کشاوەتەوە و پشتگیری لە "باسم بەدری" دەکات. هۆکاری کشانەوەکەشی بۆ بوونی تێبینیی لەسەر مالیکی گەڕاندەوە. گوتیشی: "هەرچەندە بڕیاری سەرۆکوەزیران عێراقییە، بەڵام دەبێت بەربژێرەکە لای پێکهاتەکان و جیهانیش پەسند بێت."
گوتەبێژەکەی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە جەختی کردەوە، مادام مالیکی بەربژێر نییە، سوودانی تاکە بەربژێری ئەوانە و پێی لەسەر دادەگرن ، لە هەمانکاتدا راشیگەیاند کە سوودانی پابەندە بە یەکڕیزیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی و پەنا بۆ زۆرینەی پەرلەمانی نابات لە دەرەوەی چوارچێوەکە.
دەقی هەڤپەیڤینەکە:
رووداو: بەڕێز مەسلەماوی دەمەوێ لەوەوە دەستپێبکەم، بڕیار بوو ئەمڕۆ چوارچێوەی هاوئاهەنگی کۆببێتەوە بۆ دیاریکردنی بەربژێری سەرۆکوەزیران، کۆبوونەوەکە ئەنجام دەدرێت یان دواخراوە؟
فیراس مەسلەماوی: بەناوی خوای گەورە و میهرەبان. باس لە دواخستنی کۆبوونەوەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەکرێت، لەبەر ئەوەی نەگەیشتوونەتە کۆدەنگییەک سەبارەت بە ناونانی سەرۆکوەزیران و پێویستی بە گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن هەیە بۆ یەکلاکردنەوەی کاندیدەکە. بەڵام چوارچێوەی هاوئاهەنگی کۆکە لەسەر ئەوەی کە ماوە دەستوورییەکان پێشێل نەکات، کە ئەویش دوای هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار 15 رۆژە، بە هیچ شێوەیەک لەو وادە دەستوورییە دەرناچن.
رووداو: پێشبینی دەکەن لە ماوەی دیاریکراودا چوارچێوەی هاوئاهەنگی بگاتە رێککەوتن لەسەر دانانی بەربژێرێک یان وادەکە تێدەپەڕێنن؟
فیراس مەسلەماوی: تاوەکو ئەم ساتە گفتوگۆکان لە نێو چوارچێوەی هاوئاهەنگیدا بەردەوامن سەبارەت بە ناونانی سەرۆکوەزیران، بۆیە کاتێکی دیاریکراو نییە، بەڵام گفتوگۆ و کۆبوونەوە دووقۆڵییەکان و ئەوانی دیکە بەردەوامن. ئێمە لە هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان جەخت دەکەینەوە لەسەر پابەندبوون بە وادە دەستوورییەکان. هەروەها رایدەگەیەنین کە تەنیا بەربژێری ئێمە بەڕێز سوودانییە، بەتایبەت دوای ئەوەی بەڕێز مالیکی لە بەربژێربوون کشایەوە و پاشەکشەی کرد بۆ بەڕێز باسم بەدری. ئێمە لە ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان دووبارە جەخت دەکەینەوە کە تاکە بەربژێری ئێمە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکوەزیران تەنیا بەڕێز سوودانییە. پێمان وایە کە ئەو پەسندکردنێکی ناوخۆیی، هەرێمی و نێودەوڵەتی هەیە. ئەو ئاڵنگارییانەی دوایی کە لە ناوچەکە و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست روویاندا، کە جەنگ تێیاندا هەڵگیرساوە، ناچاری دەکات سەرجەم لایەنە سیاسییەکان پەلە بکەن لە پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو، بگرە زیاتر لەوەش پشتگیری لە حکومەتی داهاتوو بکەن و بەرژەوەندییە گشتییەکان بخەنە پێش هەموو شتێکەوە. ئێمە لە ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان دیدگایەکی روون و بەرنامەمان هەیە و تیمێکی کارمان هەیە کە توانای رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکانی هەیە، کە دیارترینیان ئاڵنگارییە ئەمنییەکان و ئابووری و پرسی ئاو و داراییە. بۆ هەموو ئەم ئاڵنگارییانەش دیدگایەکی روونمان هەیە بۆ بەڕێوەبردنیان لە قۆناخی داهاتوودا.
رووداو: بەڕێز مەسلەماوی، پێشتر چوارچێوەی هاوئاهەنگی نووری مالیکی بەربژێر کردبوو بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران، ئایا هەڵوێستەکەی دۆناڵد ترەمپ بووە هۆی پاشگەزبوونەوە و گۆڕینی هەڵوێستەکان بۆ ئەوەی مالیکی نەبێتەوە بە سەرۆکوەزیران؟
فیراس مەسلەماوی: بڕیاری پۆستی سەرۆکوەزیران بڕیارێکی عێراقییە و عێراق کاریگەریی دەبێت و کاریگەریشی لەسەر دەبێت لە لایەن دەوروبەرەکەی و جیهانەوە. سەبارەت بە بڕیاری کۆتایی، بەڵێ بڕیارێکی عێراقییە. سەبارەت بە بەڕێز مالیکی، وەک هەمووان دەزانن جۆرێک لە تێبینی هەبوو لە لایەن هەندێک لە لایەنە سیاسییەکانی نێو چوارچێوەی هاوئاهەنگی، هەروەک چۆن تێبینییەکی روون هەبوو بە راگەیێندراوێکی فەرمی لە لایەن پێکهاتەی سوننەوە سەبارەت بە دانانی ئەو، هەروەها تێبینی هەرێمی و نێودەوڵەتیش هەبوو. هەموو ئەمانە پێکەوە وایان کرد کە نەتوانرێت بەڕێز مالیکی تێپەڕێنرێت، سەرەڕای ئەوەی کە دوو خول ئەزموونی سەرۆکایەتی وەزیرانی هەبووە. بۆیە هۆکارەکان ناوخۆیی بوون بە پلەی یەکەم، هەروەها رەتکردنەوەی لایەنەکان و رەتکردنەوەی هەرێمی و نێودەوڵەتیش هەبوون.
رووداو: کەواتە گوشارەکان هیچ کاریگەرییان نابێت لەسەر دیاریکردنی سەرۆکوەزیرانی داهاتووی عێراق؟
فیراس مەسلەماوی: وەک روونم کردەوە، بڕیاری دیاریکردنی سەرۆکوەزیران بڕیارێکی عێراقییە. ئەگەر ئێستا چوارچێوەی هاوئاهەنگی کۆببێتەوە و بڕیار بدات کە سەرۆکوەزیران دابنێت، کارەکە دەڕوات، چونکە ناونانی سەرۆکوەزیران بەپێی نەریتی سیاسی بە چوارچێوەی هاوئاهەنگی سپێردراوە. بەڵام هەندێک هۆکار و بەڵگەی یارمەتیدەر هەن، بۆ نموونە دەبێت لە رووی جەماوەرییەوە پەسند بێت، لە رووی سیاسییەوە پەسند بێت، لە نێو لایەنە نیشتمانییەکاندا واتە لای پێکهاتەکانی دیکە وەک کورد و سوننە پەسند بێت، لە ئاستی وڵاتانی ناوچەکە و جیهانیشدا پەسند بێت. بۆیە دەبێت سەرۆکوەزیران خاوەنی کۆمەڵێک تایبەتمەندی بێت، لەوانە بۆ نموونە ئەزموونی سەرکەوتووی پێشتری هەبێت، واتە ئایا وەزارەتێکی وەرگرتووە؟ پۆستێکی هەبووە؟ ئایا قەیرانەکانی بەڕێوەبردووە؟ ئەمانە کۆمەڵێک تایبەتمەندین کە دەبێت لە سەرۆکوەزیراندا هەبن بەو پێیەی بەرزترین پۆستە لە دەوڵەتدا. کەواتە کۆمەڵێک هۆکار هەن کە بڕیار لەسەر پۆستی سەرۆکوەزیران دەدەن، بەڵام بڕیاری کۆتایی بۆ دەستنیشانکردنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە دەستی عێراقییەکان خۆیانە و بە دیاریکراویش لە دەستی چوارچێوەی هاوئاهەنگییە، چونکە چوارچێوەی هاوئاهەنگی بەرپرسە لە سەرکەوتن یان شکستی.
رووداو: بەڕێز مەسلەماوی، دوای ئەوەی کە نووری مالیکی چانسی کەمبووەوە بۆ بوون بە سەرۆکوەزیران، ئێستا بەربژێرێکی هەیە بۆ ئەوەی ببێتە سەرۆکوەزیرانی داهاتوو کە باسم بەدرییە. باس لەوە دەکرێت کە باسم بەدری لە کۆی 12 سەرکردەی نێو چوارچێوەی هاوئاهەنگی، دەنگی 7یانی بەدەستهێناوە، یان دوو لەسەر سێی مسۆگەر کردووە، ئەم ژمارانە دروستن؟
فیراس مەسلەماوی: سەرەتا سەبارەت بە پاشەکشەی بەڕێز مالیکی بۆ باسم بەدری، ئەوە راستە. بەڵام سەبارەت بە هەڵوێستی ئێمە لەسەر ئەوە، ئێمە لە ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان لەگەڵ بەربژێری سازان لەسەرکراو نین. بەڵکو قۆناخی داهاتوو پێویستی بە سەرۆکوەزیرانێکی بەهێز هەیە کە لە لایەن هێزە سیاسییەکان و چوارچێوەی هاوئاهەنگییەوە پاڵپشتی بکرێت. سەبارەت بە بوونی دەنگی 7 سەرکردە یان 6 سەرکردە، من پێم وایە ئەوە شەڕێکی میدیاییە و بنەمایەکی راستی نییە. سەبارەت بەم پاڵپشتییانە، ئێمە لە ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان و بەتایبەتی بەڕێز سوودانی، هێشتا زۆرینەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی پشتگیری لێ دەکەن. بەڵگەی ئەوەش، دواکەوتنی کۆبوونەوەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگییە، کە تەنیا نیشانەی نەگەیشتنە بە رێککەوتنێکی کۆتایی یان کۆدەنگییەکی تەواو سەبارەت بە دیاریکردنی سەرۆکوەزیران. ئێمە لە قۆناخی داهاتوودا پێویستمان بەوەیە بەرژەوەندییە گشتییەکان بخەینە پێش بەرژەوەندییە حیزبی و کەسی و ناوچەییەکان، چونکە ناوچەکە لەبەردەم مەترسییەکی گەورەدایە، جەنگ هەڵگیرساوە و قەیرانی ئابووری و قەیرانی ئاومان هەیە. ئەمەش پێویستی بە یەکخستنی هەوڵەکان و یەکخستنی هەڵوێستەکان هەیە بۆ گەیاندنی عێراق بە کەناری ئارامی. لە کۆتاییدا ئێمە لە ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان لە بەرنامە و میتۆدی خۆماندا روونین، پڕۆژەمان هەیە و دروشمی روونی خۆمان هەیە کە لە هەڵبژاردنەکاندا هەڵمانگرتبوو و ئێستاش بەردەوامین لەسەری، ئەویش 'عێراق یەکەم'ـە.
رووداو: بەڕێز مەسلەماوی، ئەگەر چانسی بەڕێز سوودانی کەمبووەوە بۆ بوون بە سەرۆکوەزیران و بەربژێرێکی دیکە هاتە پێشەوە، ئەگەر هەیە کە سوودانی پەنا بۆ زۆرینەی پەرلەمانی ببات بۆ دروستکردنی گەورەترین کوتلە بۆ ئەوەی هەم حکومەت پێکبهێنێت و هەم خۆشی ببێتەوە بە سەرۆکوەزیران؟
فیراس مەسلەماوی: بەڕێز سوودانی پابەندە بە چوارچێوەی هاوئاهەنگی، چونکە ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان بەشێکی سەرەکییە لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی. بەڵێ ئێمە خاوەنی گەورەترین کوتلەین لە نێو چوارچێوەدا و گەورەترین کوتلەشین لە ژێر چەتری پەرلەماندا. چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە کاتی دیاریکردنی سەرۆکوەزیراندا سەیری ئەمە دەکات. لەبەر ئەوە ئێمە پابەندین بە یەکڕیزیی چوارچێوە و هێزی چوارچێوە، ئەمەش شتێکە کە بەڕێز سوودانی لە هەموو کۆبوونەوەکاندا جەختی لێ کردووەتەوە. لە ماوەی سێ ساڵی سەرۆکایەتی وەزیرانیدا، پەرۆش بووە بۆ ئەوەی لە هەموو کۆبوونەوەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگیدا ئامادە بێت، هەروەها پەرۆش بووە کە لە هەموو کۆبوونەوەکانی 'هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت' ئامادە بێت، کە ئەم هاوپەیمانییە حکومەتی پێشووی پێکهێنا و پشتگیری لێکرد. بۆیە بەڕێز سوودانی پابەندە بە هەموو بڕیارێک کە دەخرێتە روو یان پەسند دەکرێت. تەنانەت سەبارەت بە مامەڵەکردن لەگەڵ هەرێمی کوردستان، ئەو پەرۆش بووە بۆ سفرکردنەوەی کێشەکان و چارەسەرکردنی هەموو کێشەکان بەو دەرفەتەی بۆی رەخساوە. پێم وایە ئەم قۆناخە نوێیە و لە حاڵەتی وەرگرتنی پۆستەکە لە لایەن بەڕێز سوودانییەوە، ئەو دەتوانێت زیاتر قەیرانە ناوخۆییەکان چارەسەر بکات و رووبەڕووی هەڕەشە دەرەکییەکان ببێتەوە، چونکە لە دۆسیەی ناوخۆدا سەرکەوتوو بوو، هەروەها لە دۆسیەی دیپلۆماسی و پەیوەندییەکان لەسەر ئاستی ناوچەکە و جیهانیش سەرکەوتوو بوو.
رووداو: ئەی ئەگەر لەناو چوارچێوەی هاوئاهەنگی کەسێکی دیکە هەڵبژێردرا جگە لە بەڕێز سوودانی، ئێوە بەوە رازی دەبن و پاڵپشتی لێدەکەن؟
فیراس مەسلەماوی: ئەگەر کەسایەتییەکی وەکو بەڕێز سوودانی، بەهەمان تایبەتمەندی و سیفەتەکانییەوە، هەروەها بە هەمان توانایی و ئەزموونی ئەو بێت، یەکێکی وەک ئەو یان لەو باشتر بێنن ئێمە لەگەڵی دەڕۆین، یەکێکی وەک ئەو یان لەو باشتر بێنن ئێمە ئامادەین.
رووداو: ئەی هەڵوێستتان چییە لەسەر دیاریکردنی کاندیدێکی سەربەخۆ؟ بۆ نموونە ناوی موحسین مەندەلاوی؟
فیراس مەسلەماوی: تاوەکو ئەم ساتەی قسەی تێدا دەکەین، هیچ پێشنیارێکی فەرمی بۆ کەسێکی دیکە جگە لە بەڕێز سوودانی لە ئارادا نییە.
رووداو: دیارە کە کۆبوونەوەی داهاتووی چوارچێوەی هاوئاهەنگی کەی دەبێت؟ ئایا کۆبوونەوەکە بۆ راوێژە یان بۆ بڕیاردان لە بەربژێری سەرۆکوەزیران؟
فیراس مەسلەماوی: هەواڵ هەیە کە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ بۆ ڕۆژی دووشەممە دواخراوە، بە مەبەستی دۆزینەوەی میکانیزمێکی یەکلاکەرەوە بۆ یەکلاکردنەوەی پۆستی سەرۆکوەزیران.