ئیحسان شەممەری: دوو ناو بەربژێرن بۆ سەرۆکوەزیران، مالیکی و سوودانی نین


رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی ناوەندی هزری سیاسی لە عێراق رایدەگەیێنێت، بەهۆی ناڕەزایەتییەکانی ئەمریکاوە چانسی نووری مالیکی و محەممەد شیاع سوودانی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکوەزیران نەماوە و ئێستا چوارچێوەی هاوئاهەنگی بەدوای بەربژێرێکی هاوبەشدا دەگەڕێت.
 
ئیحسان شەممەری، لەکاتی بەشداریکردنی لە بوڵتەنی کاژێر 5:00ی تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند، دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە بە ئاشکرا دژایەتیی خۆیان بۆ مالیکی و سوودانی نیشاندا، ئێستا ناوی باسم بەدری وەک بەربژێرێکی بەهێز لەنێو چوارچێوەی هاوئاهەنگیدا دەهێندرێت. بەپێی گوتەی شەممەری، "بەدری پشتگیریی 7 دەنگی لە کۆی 12 دەنگی لایەنەکانی ناو چوارچێوەکەی هەیە."
 
سەرۆکی ناوەندی هزری سیاسی لە عێراق، تیشک دەخاتە سەر مەرجەکانی واشنتن و دەڵێت: "ئەمریکا سوورە لەسەر ئەوەی نابێت باڵە سیاسییەکانی گرووپە چەکدارەکان لە ناو کابینەی نوێی حکومەتدا بن." ئەمەش وەک شەممەری دەڵێت، تەنگژەیەکی گەورەی بۆ لایەنە شیعەکان دروست کردووە کە خاوەنی نزیکەی 85 بۆ 100 کورسین لە پەرلەمان دا.
 
لەبارەی بەربژێرەکانی دیکەشەوە، شەممەری باس لەوە دەکات کە رەنگە حەیدەر عەبادی یان حەمید شەتری وەک بژاردەی دیکە پێشنیاز بکرێن. 
 
ئەم ململانێیانە لە کاتێکدان کە دوای هەڵبژاردنی نزار ئامێدی وەک سەرۆککۆمار، تەنیا 15 رۆژ لەبەردەم لایەنەکاندایە بۆ راسپاردنی سەرۆکوەزیرانی نوێ.
 
سەبارەت بە دۆخی ئەمنیش، ئیحسان شەممەری نیگەرانیی خۆی نیشان دەدات کە سەرەڕای ئاگربەست، هێشتا هێرش دەکرێتە سەر هەرێمی کوردستان. ئەو پێیوایە ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە خاکی عێراق هێشتا گۆڕەپانی پێکدادانە و مەترسییەکان بەردەوامن.
 
دەقی هەڤپەیڤینەکەی رووداو لەگەڵ ئیحسان شەممەری، سەرۆکی ناوەندی هزری سیاسی لە عێراق
 
رووداو: دەتوانین بڵێین کشانەوەی نووری مالیکی، گرێکوێرەی بەربژێری پۆستی سەرۆکوەزیران دەکاتەوە؟
 
ئیحسان شەممەری: سوپاس بۆ ئێوە بۆ میوانداریکردن. بەڵێ، ئەگەر مالیکی لە خۆکاندیدکردن بۆ سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران بکشێتەوە، بێگومان کارەکان وەک نیوە چارەسەر دەردەکەون، بەتایبەتی ئەگەر بزانین کە تەنگژەکە لە مالیکییەوە دەگوازرێتەوە بۆ ئەو کەسەی دەبێتە کاندیدی داهاتوو. وا دیارە ئێستا مالیکی خۆی ئامادە دەکات بۆ هەڵبژاردنی کەسایەتییەکی نوێ لەبری خۆی، بەتایبەتی دوای کشانەوەی بەڕێز سوودانی بۆ مالیکی لە ماوەی رابردوودا. ئێستا پێموایە ئێمە لەبەردەم گواستنەوە و قۆناخێکی نوێداین لە پرسی گەڕان بەدوای کاندیدێکی سازشدا کە لە رێگەیەوە گەورەترین کوتلە بتوانێت بچێتە پەرلەمانی عێراق یان بۆ سەرۆکایەتیی کۆمار بە مەبەستی راسپاردنی بۆ پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو. بەڵام تاوەکو ئێستا وا دیارە کارەکان لە ناوخۆی چوارچێوەی هاوئاهەنگیدا یەکلایی نەکراونەتەوە، تەنانەت کۆبوونەوەی ئەمڕۆش رەنگە دوابکەوێت و هەواڵ هەن ئاماژە بە ئەگەری دواخستنی بۆ رۆژی دووشەممەی داهاتوو دەکەن.
 
ئەمە دووانەیەکی نوێیە، سوودانی و دکتۆر باسم بەدری. پێموایە دوای هەبوونی ڤیتۆیەک کە رەنگە بە شێوەیەکی فەرمی رانەگەیێندرابێت وەک ئەوەی لەسەر ئاستی مالیکی بینیمان کاتێک دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا وەرگرتنی پۆستی سەرۆکوەزیرانی لەلایەن مالیکییەوە رەتکردەوە، بەڵام وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاش لە یەکێک لە راگەیێندراوەکانیدا ئاماژەی پێکردووە. هەروەها سەرکردە هەن لە ناوخۆی چوارچێوەی هاوئاهەنگی باس لەوە دەکەن کە رەتکردنەوەیەکی ئەمریکی هەیە. وا دیارە چانسی باسم بەدری بەرزترە بەراورد بە بەڕێز سوودانی، سەرەڕای ئەوەی سوودانی خاوەنی ژمارەیەکی زۆر کورسییە لە ناوخۆی چوارچێوەی هاوئاهەنگی و تەنانەت خۆشی خاوەنی گەورەترین کورسییە وەک رەوتی 'ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان'، بەڵام لە کۆتاییدا رێککەوتنە سیاسییەکان یان چوارچێوەی هاوئاهەنگیی پەیوەندیدار بڕیاردەرە چونکە گەورەترین کوتلەی پەرلەمانییە. بۆیە باسم بەدری چانسی زیاترە لە سوودانی، بە رەچاوکردنی ئەوەی رەنگە چوارچێوەی هاوئاهەنگی کاندیدێکی سازش پێشنیاز بکات.
 
رووداو: فایەق زێدان زیاتر پشتگیریی باسم بەدری دەکات، ئەمە کارئاسانییە بۆ بەدری یان پێچەوانەکەی؟
 
ئیحسان شەممەری: من پێموایە تاوەکو ئێستا هیچ شتێک لە دکتۆر فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری دەرنەچووە کە ئاماژە بەوە بکات ئەو پشتگیری لە کاندیدکردنی دکتۆر باسم بەدری دەکات، تاوەکو ئێستا هیچ راگەیێندراوێکی فەرمی نییە. بەڵام ئەوەی سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری ئێستا جەختی لەسەر دەکاتەوە ئەوەیە کە چوارچێوەی هاوئاهەنگی ماوە دەستوورییەکان نەبەزێنێت، بەتایبەتی دوای هەڵبژاردنی نزار ئامێدی وەک سەرۆککۆمار. بۆیە سەرۆکی ئەنجوومەنی دادوەری جەخت لەسەر پێشێلنەکردنی ماوە دەستوورییەکان لەلایەن چوارچێوەی هاوئاهەنگییەوە دەکات. باسم بەدری پشتگیرییەکی کۆدەنگیی هەیە، واتە بە 7 دەنگ لە کۆی 12 دەنگی ناوخۆی چوارچێوەی هاوئاهەنگی، ئەمەش پێموایە دەبێتە هۆکارێک بۆ ئەوەی هەموو دەسەڵاتەکان، چ یاسادانان و چ دادوەری، پشتگیری لەوە بکەن کە چوارچێوەی هاوئاهەنگی هەڵیدەبژێرێت.
 
رووداو: راستە سوودانی، خەزعەلی و حەکیم لە دژی باسم بەدرین؟
 
ئیحسان شەممەری: بەڵێ، ئەمە روونە، سوودانی هێشتا زۆر پشت بە ئەگەری گۆڕینی بڕیار لە ناوخۆی چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەبەستێت. هەروەها هاوپەیمانیی نێوان بەڕێز سوودانی و قەیس خەزعەلی پێموایە هێشتا بەردەوامە. تەنانەت هەڵبژاردنی سوودانی لە ساڵی 2022 بە پشتگیریی عەسائیبی ئەهلی حەق بوو. ئێستا وا دیارە ئەم هاوپەیمانییە نوێ دەبێتەوە. عەممار حەکیم، رێبەری رەوتی حیکمە، پێموایە درک بەوە دەکات کە وەرنەگرتنی پۆستەکە لەلایەن سوودانییەوە رەنگە ببێتە هۆی زیانێکی سیاسی بۆی، چونکە بۆ ماوەیەکی درێژ پشتگیری لە سوودانی کردووە. هەروەها کاندیدێکی نوێ رەنگە لەژێر چەتری مالیکی یان دەوڵەتی یاسا بێتە دەرەوە، ئەمەش رەنگە ئەولەویەت و هێزێکی زیاتر بداتە دەوڵەتی یاسا بەراورد بە رەوتی حیکمە. بۆیە هێشتا ئەم هاوپەیمانییە سێقۆڵییەی (سوودانی، حەکیم، خەزعەلی) وەرگرتنی پۆستەکە لەلایەن باسم بەدری یان هەر کاندیدێکی دیکەی سازش رەتدەکەنەوە. رەنگە ئەم هاوپەیمانییە سێقۆڵییە کاندیدێکی سازش لە بەرامبەر باسم بەدری پێشنیاز بکات، ئەو کاتە لەبەردەم دیمەنێکی نوێدا دەبین.
 
رووداو: مەزەندە دەکەی نە باسم و نە سوودانی بەربژێر بکرێن و کەسێکی نوێ بەربژێر بکرێت؟
 
ئیحسان شەممەری: کەسایەتیی زۆر هەن، دکتۆر باسم بەدری کەسایەتییەکە کە هێمنی سیاسیی هەیە و رێڕەوێکی دیاری لە کارەکانیدا لەناو دامەزراوەکانی دەوڵەتدا هەبووە. بەڵام پێشبینی دەکەم کەسایەتیی گرنگ هەبن، بەتایبەتی لەو 9 ناوەی کە ماونەتەوە، وەک بەڕێز حەمید شەتری، سەرۆکی دەزگای هەواڵگری، رەنگە یەکێک بێت لە ناوە گرنگەکان. جگە لەوەش، پێموایە سوودانی و تەنانەت حەکیمیش ناچار بن پشتگیری لە دکتۆر حەیدەر عەبادی بکەن وەک کاندیدێکی سازش، بەو پێیەی رایەک لە ناوخۆی چوارچێوەی هاوئاهەنگی هەیە پێی وایە هەبوونی کەسایەتییەک کە پەیوەندیی نێودەوڵەتیی هەبێت رەنگە سەرکەوتوو بێت لە دووبارە چاککردنەوەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی عێراق. لەگەڵ ئەوەشدا، پێموایە هێشتا ناوەکان یەکلایی نەکراونەتەوە. بەڵێ، چانسی گەورە بۆ دکتۆر باسم بەدری هەیە، بەڵام لە کۆتاییدا پێموایە رەنگە سوپرایزێک هەبێت.
 
رووداو: عەوادی چانسی ئەوەی هەیە ببێتە سەرۆکوەزیران، کە ئێوەش دەزانن بەڕێوەبەری نووسینگەی سوودانییە؟
 
ئیحسان شەممەری: ئەمە زانیارییەکی دروستە کە ئێوە لە رێگەی پرسیارەکەوە دەیخەنە روو. وا دیارە سوودانی پاڵ بە ئاراستەی ئیحسان عەوادی، بەڕێوەبەری نووسینگەکەی دەدات. بەڵام پێموایە چونکە سوودانی بەپێی رێککەوتنی لەگەڵ مالیکی مافی کاندیدکردنی نییە بەو پێیەی کشاوەتەوە، ئەمە رەنگە چانسی بەڕێز ئیحسان عەوادی لاواز بکات. بابەتی دیکە ئەوەیە کە بەڕێز ئیحسان عەوادی لەناو ژینگەیەکی سیاسی و لەناو حیزبی بەڕێز فالح فەیازە، ئەمەش پێموایە رەنگە رێگەی پێنەدرێت پشتگیری لێ بکرێت لەلایەن نەیارانی کوتلەی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان. بۆیە هەرچەندە وەک ناوێک پێشنیاز کراوە، بەڵام پێناچێت چانسی زۆر گەورە بێت بەراورد بە باسم بەدری یان حەمید شەتری یان تەنانەت ناوەکانی دیکە.
 
رووداو: گوشارەکانی ئەمریکا بۆ سەر گرووپە چەکدارەکان زیاتر بوون، سەرۆکوەزیرانی داهاتوو دەتوانێت ئەم گرووپانە لەژێر چەترێکدا کۆبکاتەوە؟
 
ئیحسان شەممەری: پێموایە گوشارە ئەمریکییەکان بە شێوەیەکی زۆر گەورە بەشدار دەبن لە هەڵبژاردنی سەرۆکوەزیرانی داهاتوو. سەرەتا مالیکی دوورخرایەوە دوای تویتەکەی ترەمپ، هەروەها چانسی سوودانیش دابەزی دوای راگەیێندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا یان ئەو پەیامانەی گەیشتوونەتە سەرکردەکانی چوارچێوە بەپێی ئەوەی لە هەندێک راپۆرتدا هاتووە. بۆیە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەردەوام دەبێت لەسەر ئەو بابەتەی کە نابێت باڵە سیاسییەکانی گروپە چەکدارەکان لە ناو کابینەی حکومەتدا هەبن. ئەمە رەنگە مەرجێکی گەورە و بنەڕەتی بێت بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بەڵام لە هەمان کاتدا تەنگژەیەک بۆ چوارچێوەی هاوئاهەنگی دروست دەکات، بەتایبەتی کە گروپە چەکدارەکان لە باڵە سیاسییەکەیاندا خاوەنی نزیکەی 85 بۆ 100 کورسین لە ناو پەرلەماندا. بۆیە لە روانگەی منەوە تەنگژەیەک دەبێت. پرسیارەکە ئەوەیە چوارچێوە چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم تەنگژەیەدا دەکات؟ ئەم بابەتە بۆ دوای راسپاردنی سەرۆکوەزیران جێهێڵدراوە.
 
رووداو: بە بڕوای ئێوە، لەداهاتوودا شەڕی ئەمریکا دژی گرووپەکانی مقاومە زیاتر دەبن؟
 
ئیحسان شەممەری: پێموایە تاوەکو ئەو کاتەی هێورکردنەوە لە نێوان واشنتن و تاران هەبێت، هێورکردنەوەکە لە ناوخۆی عێراقیشدا بەردەوام دەبێت. بەڵام ئەوەی جێگەی نیگەرانییە ئەوەیە کە هەرێمی کوردستان رووبەڕووی هێرش دەبێتەوە سەرەڕای هەبوونی ئاگربەست. راگەیێندراوی کۆتایی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێموایە ئەوە نیشان دەدات کە جوگرافیای عێراق هێشتا جوگرافیای پێکدادانە بە دیاریکراوی. تەنانەت بە ئاماژەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی کە هێرشەکان لە ئێرانیین، ئەمە ئەوە دەسەلمێنێت کە مەترسییەکە هێشتا ماوە. پێموایە ئەگەر شەڕ بگەڕێتەوە، جارێکی دیکە بینەری گەڕانەوەی بەئامانجگرتنی بارەگاکان و هەروەها هەندێک لە گروپە چەکدارەکان دەبین.
 
رووداو: بە گوێرەی هەڵسەنگاندن و پێشبینی ئێوە، کێ دەبێتە سەرۆکوەزیرانی عێراق؟
 
ئیحسان شەممەری: وەڵڵا ئەم بابەتە سەختە، ئەم کارە زۆر سەختە. سەرەڕای ئەوەی ئێمە باسمان لە هەبوونی کەسایەتییەک کرد کە قووڵایی و ئەزموونی هەبێت، بەڵام کارەکە بەستراوەتەوە بە سەرکردەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی، ئەمە راستییەکە. سوپاس بۆ ئەم هەڵسەنگاندنە، بەڵام پێموایە هێشتا کات زووە. ئێستا باس لە دوو ناو دەکرێت، ئەمە ئەوەیە کە دەتوانم باسی بکەم یان ئاشکرای بکەم، دوو ناو هەن بە دیاریکراوی کە نە مالیکییە و نە سوودانی. بۆیە دەبێت لە کاژێرەکانی داهاتوودا چاوەڕێ بکەین، کەسایەتیی گرنگ و رێزدارن بەپێی روانگەی من.