نەخشەڕێی عێراق بۆ کەمکردنەوەی بێکاری؛ پڕۆژەی "کارە گشتییەکان" رادەگەیێندرێت


رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی پلاندانانی عێراق، وردەکاریی پڕۆژەی "کارە گشتییەکان" بڵاودەکاتەوە و رادەگەیێنت، ئامانجی سەرەکییان رەخساندنی هەلی کارە بۆ بێکاران و کەمکردنەوەی هەژاری لە رێگەی پڕۆژەی خزمەتگوزارییەوە.
 
رۆژی شەممە 18-4-2026، عەبدولزەهرە هینداوی، گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق بە رووداوی راگەیاند، بەرنامەی کارە گشتییەکان یەکێکە لەو رێگەچارانەی حکومەت بۆ رووبەڕووبوونەوەی بێکاری و جووڵاندنی ئابووریی ناوخۆ رەچاویکردووە، بەتایبەتی لەو قۆناخانەی پێویستیان بە دەستێوەردانی خێرا هەیە.
 
عەبدولزەهرە هینداوی دەڵێت: "ئەم بەرنامەیە حکومییە و پڕۆژەی خزمەتگوزاری و گەشەپێدان دەگرێتەوە کە پێویستیان بە ژمارەیەکی زۆر لە کرێکار و دەستی کار هەیە." ئاماژەی بەوەش کرد کە لەم پڕۆژانەدا زیاتر پشتبەستن بە دەستی کار دەبێت نەک تەکنەلۆژیا، ئەمەش بۆ ئەوەی زۆرترین هەلی کار بۆ بێکاران بڕەخسێندرێت.
 
وەزارەتی پلاندانان کەرتی "بەڕێوەبردنی پاشماوەکان و خۆڵ و خاشاک"ـی وەک خاڵی دەستپێکی بەرنامەکە هەڵبژاردووە، چونکە ئەو کەرتە پێویستی بە دەستی کارێکی بەردەوام هەیە و پەیوەندیی راستیی بە ژینگە و تەندروستیی هاونیشتمانیانەوە هەیە.
 
بە گوتەی گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، جێبەجێکردنی بەرنامەکە چەند قۆناخێک دەبێت؛ سەرەتا پڕۆژە لەپێشینەکان دیاری دەکرێن وەک کۆکردنەوە و جیاکردنەوەی خۆڵ و خاشاک، دواتر بە هاوئاهەنگی لەگەڵ حکومەتە خۆجێییەکان لە پارێزگاکان دەست بە کار دەکرێت.
 
کارەکان یان لە رێگەی گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیا و تیمە خۆجێییەکان دەبێت، یان راستەوخۆ لە رێگەی شارەوانییەکانەوە کرێکاران دادەمەزرێندرێن، بە رەچاوکردنی ئەولەویەت بۆ ئەو کەسانەی بێکارن یان داهاتیان سنووردارە.
 
گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق گوتیشی، بەرنامەکە تەنیا بۆ رەخساندنی هەلی کاری کاتی نییە، بەڵکو کارکردنەکە بە راهێنانەوە دەبەسترێتەوە بۆ ئەوەی کرێکاران کارامەیی نوێ فێر ببن و لە داهاتوودا لە بازاڕی کاردا سوودی لێ ببینن. 
هەروەها وەزارەت هەوڵدەدات هاوبەشی لەگەڵ رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و کەرتی تایبەت دروست بکات بۆ دابینکردنی بودجەی پێویست و بەردەوامبوونی بەرنامەکە.
 
بە گوتەی وەزیری کاری عێراق، رێژەی بێکاری لە ساڵی 2025دا لە 16.5%ـەوە دابەزی بۆ 13.5%. 
 
پێشتریش لە 18-10-2025، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاندبوو کە بێکاری لە عێراقدا لەنێو ژناندا بەرزترە.