لە بەغدا کوڕێک باوکی دەکوژێت

رووداو دیجیتاڵ

لە شاری بەغدا، کوڕێک باوکی خۆی دەکوژێت و دواتر هێزە ئەمنییەکان دەستگیری دەکەن.
 
رۆژی شەممە (18-05-2024) فەرماندەیی پۆلیسی بەغدا - رەسافە لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، دوای ئەوەی زانیارییان لەبارەی رووداوێکی کوشتن لە ناوچەی حوسێنییە لە باکووری بەغدا بەدەست گەیشت، دەستبەجێ هێزەکانی بنکەی پۆلیسی زهوور لە فەرماندەیی پۆلیسی بەغدا - رەسافە گەیشتنە شوێنی رووداوەکە. 
 
دوای ئەوەی لیژنەیەکی پسپۆر پێکهات، تەواوی زانیارییەکان کۆکرانەوە. لە کامێرەکانی چاودێرییەوە دەرکەوتووە کوڕەکەی خۆی تەقەی لێکردووە و کوشتوویەتی. کوژراوەکە کارمەندی وەزارەتی ناوخۆی عێراقە.
 
فەرماندەیی پۆلیسی بەغدا - رەسافە دەڵێ هێزەکانیان بە کاتێکی پێوانەیی، بکوژەکەیان دەستگیرکردووە، رێکاری یاسایی لە بەرامبەری گیراوەتەبەر. 
 
کوژراوەکە لە دایکبووی 1984ـە و کوڕەکەشی لەدایکبووی 2009ـیە، ''بە دەمانچەی باوکی تاوانەکەی کردووە.''
 
بەگوێرەی زانیارییەکان ناکۆکی و شەڕ لەنێوان باوک و کوڕەکە هەبووە، سەرئەنجام ئەم رووداوەی لێکەوتووەتەوە.