ئاگرەکەی پاڵاوگەی بێجی کۆنترۆڵ کرا

رووداو دیجیتاڵ

ئەو ئاگرەی لە پاڵاوگەی بێجی کەوتەوە، کۆنترۆڵ کرا و لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەستیپێکرد.
 
بەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە، یاسین داودی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، تەقینەوەیەک لە کورەی ژمارە 109ـی پاڵاوگەکە روویداوە کە تایبەتە بە رۆن و ئاگرێکی گەورەی لێکەوتووەتەوە. 
 
یاسین داودی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین، دوانیوە|ڕۆی ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئاگرەکەی پاڵاوگەی بێجی کۆنترۆڵ کراوە.
 
وەزارەتی نەوتی عێراقیش لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، ئەو ئاگرەی لە یەکێک لە یەکە لاوەکییەکانی پاڵاوگەی سوموود لە بێجی کەوتبووەوە، کۆنترۆڵ کرا.
 
وەزارەتی نەوتی عێراقیش رایگەیاند، رووداوەکە هیچ کاریگەرییەکی لەسەر پرۆسەی بەرهەمهێنان لە پاڵاوگەکەدا نەبووە و زیان تۆمارنەکراوە.
 
هەر لەمبارەیەوە، مەعاز سوبحی تۆفیق، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی پارێزگای سەلاحەدین، بە میدیای فەرمیی عێراقی گوت: "ئاگرەکە لە یەکەی رۆنی پاڵاوگەی سوموود کەوتەوە و هەشت تیمی بەرگریی شارستانی، بە پاڵپشتیی دوو تیمی دیکە، بەشدارییان لەو کوژاندنەوەی کرد."
 
بە گوتەی بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی پارێزگاکە، ئاگرەکە لە ماوەیەکی کورتدا کۆنترۆڵ کرا کە 30 خولەکی تێنەپەڕاند و لێکۆڵینەوەش لە هۆکارەکانی کەوتنەوەی دەستی پێکردووە.
 
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین رەتی کردەوە تەقینەوەکە "کردەوەیەکی تیرۆریستی" بووبێت و گوتی: "هۆکارەکەی تەکنیکی بووە"؛ ئاماژەی بەوەش دا کە تیمەکانی بەرگریی شارستانی دەستبەجێ گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و سەرقاڵی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە بوون.
 
قەزای بێجی نزیکەی 200 کیلۆمەتر لە باکووری بەغداوە دوورە و یەکێکە لە ناوەندە پیشەسازییە گرنگەکانی عێراق و چەندین پاڵاوگە و هێڵی بۆریی نەوتی لەخۆگرتووە. 
 
پاڵاوگەی بێجی لە ساڵی 1975 دامەزراوە و توانای پاڵاوتنی رۆژانەی لەنێوان 250 هەزار بۆ 300 هەزار بەرمیل نەوتدایە.