عێراق ژمارەی وەزیفی بۆ زیاتر لە چوار ملیۆن فەرمانبەر دەرکردووە
رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی عێراق "ژمارەی وەزیفی" بۆ فەرمانبەرانی دەردەکات، تاوەکو ئێستا بۆ زیاتر لە چوار ملیۆن فەرمانبەری دەرکردووە و پرۆسەکەش بەردەوامە.
سۆران عومەر، ئەندامی لیژنەی ئابووری و سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەری لە پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە، 18ـی ئایاری 2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، حکومەتی عێراق لە نوێکردنەوەی داتاکانی فەرمانبەرانی دەوڵەت و دەرکردنی ژمارەی کارمەندی "وەزیفی" بەردەوامە.
عەبدولزەهرە هینداوی، گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق ئەمڕۆ یەکشەممە بە میدیای فەرمیی عێراقی راگەیاند، تاوەکو ئێستا ژمارەی وەزیفی بۆ زیاتر لە چوار ملیۆن فەرمانبەر دەرکراوە، فەرمانبەرانی سەرجەم ئەو وەزارەت و دەستانە دەگرێتەوە، کە داتاکانیان لە وەزارەتی پلاندانان نوێکردووەتەوە.
بەپێی یاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵانی 2023 و 2024 و 2025 کە لە ژمارەی 4726ی رۆژی 26-06-2023ی رۆژنامەی فەرمیی وەقائعی عێراقی بڵاوکراوەتەوە، ژمارەی فەرمانبەرانی عێراق 4 ملیۆن و 74 هەزار و 697 کەسە؛ ژمارەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانیش بە 658 هەزار و 189 فەرمانبەر دیاریکراوە.
سۆران عومەر گوتی: "دەبێت هەر فەرمانبەرێک یەک ژمارەی وەزیفی هەبێت، ناونیشان و پلەی فەرمانبەرایەتی لەخۆدەگرێت".
ئەندامەکەی لیژنەی ئابووری، باسی بایۆمەتر و UPNی کرد و دەڵێت، بایۆمەتری واتە پەنجەمۆر و بەسمەی چاوی مووچەخۆران، هەروەها UPNیش ئەوەیە، هەر فەرمانبەرێک کۆدێکی وەزیفی هەیە، ئەو کۆدە لێبدرێت، تەواوی زانیارییەکانی لەبارەی ئەو فەرمانبەر و مووچەخۆرە تێدایە.
لە عێراق نزیکەی 11 ملیۆن مووچەخۆر هەن.