دەستەی حەشدی شەعبی روونکردنەوەیەک لەبارەی بەربژێری وەزارەتی ناوخۆ دەدات
رووداو دیجیتاڵ
دەستەی حەشدی شەعبی عێراق روونکردنەوەیەک لەبارەی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی نێوان ئەبو مەهدی موهەندیس، جێگری پێشووی سەرۆکی دەستەکە و کەسێک بڵاودەکاتەوە کە لە کاتی شەڕی داعش کراوە و دەبێتە دەمەقاڵێیان و دەڵێت: "ئەو کەسەی ناوی دەهێنرێت قاسم عەتا، بەربژێری وەزارەتی ناوخۆ نییە".
رۆژی دووشەممە، 18ـی ئایاری 2026، دەستەی حەشدی شەعبی روونکردنەوەی لەبارەی ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە داوە کە پێشتر لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکرابووەوە و تێیدا ئەبوو مەهدی موهەندیس لەگەڵ کەسێک قسە دەکات کە ناوی قاسمە.
دەستەی حەشدی شەعبی رایگەیاند، هەندێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی ئەبوو مەهدی موهەندیس-یان بڵاوکردووەتەوە، کە تێیدا قسە لەگەڵ کەسێک دەکات بە ناوی قاسم، لەبارەی کاری شانەی راگەیاندنی جەنگی.
ئەو تۆڕە کۆمەڵایەتییانە بانگەشەی ئەوەیان کردووە کە کەسی بەرامبەر قاسم عەتا، بەربژێری وەزارەتی ناوخۆی عێراق بووە. بەڵام بە گوتەی حەشدی شەعبی، ئەو کەسەی قسەی لەگەڵ دەکات ئەو نییە و کەسێکی دیکەیە کە هەمان ناوی هەیە.
لە گرتە ڤیدیۆییەکەدا کە بۆ کاتی شەڕی داعش دەگەڕێتەوە، ئەبو مەهدی موهەندیس بە تەلەفۆن گلەیی لەو کەسە دەکات لەبارەی بڵاونەکردنەوەی هەواڵی چالاکییەکانی حەشدی شەعبی لەو جەنگەدا لە رێگەی شانەی راگەیاندنی جەنگی، کە ئێستا بووەتە شانەی راگەیاندنی ئەمنی.
دەستەی حەشدی شەعبی رایگەیاند، فەریق قاسم عەتا ئەو کاتە فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی دەزگای هەواڵگری بووە و هیچ پەیوەندییەکی بە شانەی راگەیاندنی جەنگیی ئەو کاتە نەبووە.
قاسم عەتا بەربژێری لیستی دەوڵەتی یاسا بوو بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە حکومەتی نوێدا، بەڵام لە کۆبوونەوەی متمانەدان بە حکومەت لە 14ی ئایار، دەنگدان بەو بەربژێرە کێشەی تێکەوت و دواخرا.