وەزارەتی پلاندانانی عێراق بۆ رووداو: براندی جیهانی لەنێوخۆدا ساختە دەکرێ
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی پلاندانانی عێراق دەڵێ، شەش رێگە بۆ رێگری لە هاوردەکردنی کاڵای بێ کواڵیتی دەگرنەبەر. یەکێکیان ئەوەیە کاڵاکە لە شوێنی دروستکردنی لە دەرەوەى وڵات پشکنینى بۆ دەکرێ بەر لەوەی هاوردەى عێراق بکرێ؛ ئاماژەی بەوەش کرد، کارگە لە نێوخۆدا هەیە کە براندە جیهانییەکان ساختە دەکات.
عەبدولزەهرە هینداوی، گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "پشت بە شەش رێکار بۆ رێگریکردن لە هێنانی ئەو کاڵایانە دەبەستین کە خاوەن ئەو کواڵیتییە نین عێراق دیاریکردووە. دەزگای کواڵیتی کۆنترۆڵ پشکنین بۆ کاڵاکان دەکات".
عەبدولزەهرە هینداوی گوتی، گرێبەستیان لەگەڵ چەند کۆمپانیایەکی جیهانیی پشکنین کردووە بۆئەوەی بەر لە هاوردەکردنی هەر کاڵایەک بۆ عێراق لە وڵاتی دروستکەر پشکنینی بۆ بکرێ؛ باسی لەوەشکرد، لە دەروازە سنوورییەکانیش پشکنین بۆ کاڵا هاوردەکراوەکان دەکرێ بۆ رێگری لە ساختەکاریی کاڵاکان و سیستمی ئەسیکۆداش رۆڵی لە رێگری لە هاوردەکردنی کاڵای نەشیاو هەبووە.
هینداوی گوتی، وەزارەتی پلاندانان هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتەکانی بازرگانی، تەندرووستی و نێوخۆ هەیە بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییەی کە دەبێتەهۆی دزەکردنی کاڵای نەشیاو لە دەروازە سنوورییەکان.
لە سەرەتای ئەم ساڵەوە رێکارەکان بۆ هاوردەکردنی کاڵا لە عێراق لە رێگەی سیستمی ئەلیکترۆنى ئەسیکۆداوە تووندتر بوون، کە پێویستە بەر لە هاوردەکردنی هەر کاڵایەک وردەکاری وڵات و کۆمپانیای بەرهەمهێنەری بدرێتە لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ ئەوەی رێگەی پێبدرێ هاوردە بکرێ.
گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق رایگەیاند: "هەندێک لە کاڵای بێ کواڵیتی لە بازاڕەکانی عێراقدا هەن کە بە قاچاخ و بە ساختەکاری دەهێنرێن، ئەوە جگە لە بوونی چەند کارگەیەک لە نێوخۆی عێراق کە براندە جیهانییەکان ساختە دەکەن، بەتایبەت بەرهەمەکانی پاککەرەوە و شامپۆ. دەزگای کواڵێتی کۆنتڕۆڵ بۆ رێگری لەو ساختەکارییانە گەشتی مەیدانی و پشکنینی هەیە".