وەزارەتە بەتاڵەکان چاوەڕێی جەژنن؛ عەزم لە دادگەی فیدراڵی عێراق سکاڵای تۆمار کرد
رووداو دیجیتاڵ
پڕکردنەوەی نۆ وەزارەتە بەتاڵەکەی حکومەتی عێراق چاوەڕێی ئەنجامی دانوستاندنەکانە تاوەکو دوای جەژن یەکلا بکرێنەوە. هاوپەیمانیی عەزم لە دادگەی باڵای فیدراڵی سکاڵا لەدژی رەتکردنەوەی بەربژێری یەکێک لە وەزارەتەکانی پێشکێش دەکات، رەوتی حیکمەش چاوەڕێی چوارچێوەی هاوئاهەنگییە بەربژێرە رەتکراوەکەى یەکلا بکاتەوە.
کابینەی نوێی حکومەتی عێراق لە 14ـی ئایارەوە بەبێ پەسەندکردنی نۆ وەزیر کارەکانی دەستپێکردووە، کە چوار بەربژێریان لە پەرلەمان رەتکرانەوە و کێشە لە دەنگدانی پێنجەمیان دروست بوو کە قاسم عەتا، بەربژێرى وەزارەتى ناوخۆ بوو، چوار وەزارەتى دیکەش هێشتا سی ڤی بەربژێرەکانیان نەنێردراوە بۆ پەرلەمان.
عەقیل ردێنی، گوتەبێژی هاوپەیمانیی نەسر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "گفتوگۆ لەنێوان لایەنە سیاسییەکان هەیە و دوای جەژن ئەو پرسە یەکلا دەکرێتەوە. لەو وەزارەتانەی کە بەربژێریان نەچووەتە پەرلەمان، دوو ناکۆکی لەسەرە کە پەیوەندیدارن بە بەربژێرەکانیان لەگەڵ دابەشکاری لەنێوان لیستەکاندا".
بەگوتەی عەقیل ردێنی، گفتوگۆ هەیە لەبارەی دووبارەکردنەوەی دەنگدان بە قاسم عەتا وەک بەربژێری وەزارەتی ناوخۆ، بەڵام بۆ چوار بەربژێرەکەی دیکە کە لە پەرلەمان رەتکراونەتەوە، پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان رێگە بەوە نادات جارێکی دیکە دەنگ بە هەمان ئەو بەربژێرانە بدرێتەوە کە رەتکراونەتەوە.
بەربژێری وەزارەتەکانی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، پلاندانان، خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، وەرزش و لاوان لە پەرلەمان رەتکرانەوە.
وەزارەتی وەرزش و لاوان لە پشکی رەوتی حیکمە بوو، ئەحمەد عیساوی ئەندامی دەستەی گشتیی رەوتی حیکمە بە رووداوی گوت: "دوای جەژن پرسی بەربژێرەکەمان بۆ ئەو پۆستە لە نێو چوارچێوەى هاوئاهەنگى یەکلا دەکرێتەوە".
بەربژێری هاوپەیمانیی عەزمی سوننەکانیش بۆ پۆستی وەزارەتی پلاندانان رەتکرایەوە کە بە یەکێک لە وەزارەتە گرنگەکان هەژمار دەکرێت.
محەممەد فەهداوی، یەکێک لە رێگەپێدراوانی هاوپەیمانیی عەزم بە رووداوی گوت: "لە دادگەی باڵای فیدراڵی سکاڵامان تۆمار کردووە لە دژی رەتکردنەوەی بەربژێرەکەمان، بەهۆی ئەوەی گۆڕانکاری لە ریزبەندى دەنگدان بە وەزیرەکان کراوە و بەربژێرەکەمان دەنگی پێویستی بەدەستهێناوە، بەڵام بە رەتکراوە هەژمار کراوە".
وەزارەتەکانی بەرگری، کۆچ و کۆچبەران، رۆشنبیری و کار و کاروبارى کۆمەڵایەتى بەربژێرەکانیان یەکلا نەکراوەتەوە تاوەکو بنێردرێن بۆ پەرلەمان.
لەنێو ئەو چوار وەزارەتەشدا هاوپەیمانیی عەزم داوای وەزارەتی رۆشنبیری کردووە. بەگوتەی محەممەد فەهداوی، ناوی سێ بەربژێریان پێشکێش کردووە بۆ ئەو وەزارەتە و چاوەڕێن دوای جەژن عەلی فالح زەیدی یەکێکیان هەڵبژێرێت و بنێردرێت بۆ پەرلەمان بۆ ئەوەی دەنگی لەسەر بدرێت.