پڕۆژەی گەورەی ئاوی بەسرە 84%ی تەواو بووە؛ "کۆتایی بە قەیرانی سوێری دەهێنێت"

 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی عێراق دەڵێ، پڕۆژەی گەورەی ئاوی بەسرە 84%ی کارەکانی تەواو بووە. گوتەبێژی وەزارەتەکە دەڵێ، پڕۆژەکە توانای دابینکردنی ئاوی بۆ تەواوی شارەکە دەبێت و کۆتایی بە قەیرانی سوێربوونی ئاو دەهێنێت.
 
نەبیل سەفار، گوتەبێژی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی عێراق، رۆژی دووشەممە 18ی ئایاری 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "پڕۆژەی گەورەی ئاوی بەسرە یەکێکە لە پڕۆژە هەرە ستراتیژییەکانی عێراق و کارەکان تێیدا گەیشتووەتە قۆناخی کۆتایی. پڕۆژەکە توانای بەرهەمهێنانی 200 هەزار مەتر سێجا ئاوی لە کاژێرێکدا هەیە کە ئاوی پاکی خواردنەوە بۆ تەواوی ناوەندی پارێزگاکە دابین دەکات."
 
گوتەبێژی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی عێراق رایگەیاند، پڕۆژەکە بە سەرپەرشتی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو جێبەجێ دەکرێ و بەشێکە لە پلانی ستراتیژی حکومەت بۆ دابینکردنی ئاوی خاوێن بۆ هاووڵاتییان لە پارێزگاکاندا.
 
سەبارەت بە بەرەوپێشچوونی کارەکان، گوتەبێژی وەزارەتەکە گوتی: "کارکردن لە قۆناخی یەکەمی پڕۆژەکە بەردەوامە کە راکێشانی هێڵەکان و جێبەجێکردنی بەستەرەکان دەگرێتەوە. رێژەی جێبەجێکردنیش گەیشتووەتە 84%؛" گوتیشی، "ئەم هەنگاوە رۆڵی سەرەکی دەگێڕێ لە چارەسەرکردنی گرفتی کەمئاوی."
 
ئەم پڕۆژەیە لە کاتێکدایە، بەسرە بەدەست سوێربوونی ئاوەوە دەناڵێنێت. 
 
بەسرە کە بە "پایتەختی ئابووری عێراق" دادەنرێ و سەرەڕای دەوڵەمەندییەکەی بە نەوت، لە چەند دەیەی رابردوودا بەدەست قەیرانێکی سەختی کەمئاوی و بەرزبوونەوەی رێژەی سوێرییەوە ناڵاندوویەتی، بەجۆرێک کە ئاوی شەتولعەرەب لە زۆربەی وەرزەکاندا بۆ خواردنەوە و کشتوکاڵ شیاو نییە.