گومان دەکرێت ئاوی نەخۆشخانەیەکی نەجەف بەکتریایەکی 'مەترسیدار'ی تێدا بێت
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی تەندروستیی عێراق لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی لەبارەی بەکارهێنانی ئاوی پیس لەلایەن پزیشکانی نەشتەرگەری لە نەخۆشخانەکانی نەجەف پێکدەهێنێت، کە بەگوتەی پەرلەمانتارێکی عێراق ئاوی ئەو نەخۆشخانانە جۆرە "بەکتریایەکی مەترسیداری" تێدایە.
دووشەممە، 18ی ئایاری 2026، ماهر عەبوودی، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی تەندروستیی نەجەف بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: لیژنەیەک لە وەزارەتی تەندروستییەوە پێکهێنراوە بە بەشداریی چەند فەرمانگەیەکی تایبەتمەند بۆ لێکۆڵینەوە لەو دەنگۆیانەی باس لە بوونی ئاوی پیس دەکەن لە هەندێک لە نەخۆشخانەکانی شارەکە.
ئەو لیژنەی لێکۆڵینەوەیە رۆژی 17ی ئایار بە بڕیاری عەبدولحوسێن مووسەوی، وەزیری نوێی تەندروستیی عێراق پێکهێنراوە. بەگوێرەی راگەیێنراوێکی ئەو وەزارەتە، ئەندامانی لیژنەکە نوێنەرى فەرمانگەی پشکنین و تەندروستیی گشتی و تەندروستیی پارێزگای نەجەفى تێدایە.
ماهر عەبوودی رایگەیاند، لیژنەکان دەستبەکار بوون بۆ لێکۆڵینەوەکە، "لەسەر بنەمای گوتەی یەکێک لە پەرلەمانتاران کە گوایە ئەو ئاوەی پزیشکانی نەشتەرگەری لە هەندێک لە نەخۆشخانەکان بەکاری دەهێنن، بەکتریای تێدایە و پیس بووە."
16ی ئایار، غەیس کیلابی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە پشکی پارێزگای نەجەف کە خۆی پزیشکە، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک چەند گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوکردووەتەوە لەبارەی سەردانی چەند نەخۆشخانەیەک و تێیدا ئاماژە بەوە دەکات کە پشکنینی بۆ ئەو ئاوە کردووە کە پزیشکانی نەشتەرگەری لە هەندێک لە نەخۆشخانەکاندا بۆ شوشتنی دەستیان بەکاری دەهێنن بەر لە چوونە نێو ژووری نەشتەرگەری و، گوایە دەرکەوتووە لە ئاوەکەدا بەکتریایەکی جۆری "سیۆدۆمۆناس" هەبووە، کە ئەو بە "زۆر مەترسیدار" وەسفی دەکات.